ساڵی ١٩٤٢ ڕوژی شەشی مانگی ئاغوستۆزی ئەو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 5 خولەک  579 بینین

ساڵی ١٩٤٢ ڕوژی شەشی مانگی ئاغوستۆزی ئەو ساڵەیە، دیارە ئەو ساڵانە من خەریکی کاروبار و نووسینی گۆڤاری گەلاوێژ بووم کە لە بەغدا دەرئەچوو، شەڕە گەورەکەی جیهانی دووەمیش لە ساڵی ١٩٣٩دا هەڵگیرسابوو. دنیا هەموو ببوو بە ئاژاوە.

ئینگلیزەکان ئێستگەیەکی کوردییان بۆ پڕوپاگەندی خۆیان لە «یافا» دانابوو. لە عێراقا عەبدوڵڵا گۆران، ڕەمزی قەزاز و ڕەفیق چالاک یان ناردبوو بۆ یافا کە کاروباری ئەو ئێستگەیە هەڵسوڕێنن، بە ڕاستی ئئێستگەش لەو ڕۆژانەدا گڤەی ئەهات.

من لە بەر کاروباری گەلاوێژ لە ڕۆژی شەشی ئەو مانگەدا چووم بۆ «مدیریەی دیعایەی عامە» کە ئەو سەردەمە ئەو مدیریەتەش هەر لە وەزارەتی داخلیە بوو. «محەمەد باشقە» لەوێ بوو، واتە لە مدیریە، پیاوەتی محەمەد باشقە لەو ڕۆژانەدا بەسەر گەلاوێژەوە لەبیر ناچێتەوە. من کە لە پلیکانەکان سەرکەوتم، ئەوەندەم زانی لەولاوە «ئەدمۆنس» هاتە خوارەوە. مستەر ئەدمۆنس موستەشاری وەزارەتی داخلیە بوو لەلایەن ئینگلیزەوە، وە خۆیشی ئینگلیز بوو. هەر کە هاتە خوارەوە لووت و بزوت تووشی یەک بووین. ئەیناسیم، چاک و چۆنیەکی گەرمی لەگەڵ کردم و وتی: ئەوە بۆ کوێ ئەچی؟ وتم ئەچم بۆ لای محەمەد باشقە لە دعایە، وتی: کە واتە منیش ئەگەڕێمەوە شوێنەکەی خۆم و ئەم چوونە ناکەم، کە لەوێ دەرچوویت، ئەبێ بێت بۆ لای من، ئەمەوێ تۆزێ پێکەوە دانیشین و قاوەیەکیش ئەخۆینەوە. وتم باشە ئەگەر زوو لە ئیشەکەم بوومەوە دێم. ئەدمۆنسیش وەکوو من و تۆ کوردیی ئەزانی، چ بە قسەکردن چ بە نووسین.

هەردووکمان بە قاڵدرمەکەدا سەرکەوتین؛ ئەو بە لای چەپا گەڕایەوە بۆ شوێنەکەی خۆی، من بە لای ڕاستا چووم بۆ دعایە، بۆ لای محەمەد باشقە، تۆزێ زیادم پێ چوو لەوێ، ئەوەندەم زانی یەکێک کردی بە ژوورا و وتی: میستەر ئەدمۆنس چاوەڕێت ئەکا، ئیتر هەستام و چووم بۆ لای ئەو. ئەو کەسەش کە هات دیار بوو کە سکرتێرەکەی بوو.

هەر کە چوومە ژوورەوە ئەدمۆنس هەستا و هات بە پێشوازمەوە زۆر بە گەرم و گوڕی دەستی کرد بە قسە کردن و لە زەنگەکەی دا. کابرای سکرتێر هاتە ژوورەوە ئەدمۆنس پێ وت چا و قاوەمان بۆ بێنن و کەسیش ئیتر نەیەتە ژوورەوە. دوو بە دوو ماینەوە. پاشان وتی: مامۆستا! ئەوا ئێمە لە یافا ئێستگەکەمان بە زمانی کوردی بۆ ئێوە داناوە، دیارە ئەم ئێستگەیە خزمەتێکی چاک ئەکا بە زمانی کوردی؛ بە تایبەتی ئەو کەسانەش کە لە سەرین ئێمە بڕوامان پێیانە کە خزمەتێکی باش ئەکەن بە زمانەکەتان. ماوەیەکە ئەمەوێ چاوم پێیت بکەوێ لەم ڕوەوە پرسیارێکت لێ بکەم، ئەوا ئێستا باش بوو ڕێکەوت. لەو کاتەدا دوو قاوەیان بۆ هێناین و پیاوەکە چووە دەرەوە.

وتم: فەرموو. وتی: پرسیارەکە ئەبێ بە دوو پرسیار، یەکەم بیر و باوەڕی کوردەکان چییە بەرانبەر بەم ئێستگەیە کە ئێمە دامانناوە؟ بر و باوەڕی خۆت چییە لەم ڕووەوە؟ وتم: مستەر ئەدمۆنس بەلامەوە زۆر سەیرە ئەم پرسیارە کە تۆ لە منی ئەکەی؟ من چیم تا وەڵامی تۆ بدەمەوە؟

وتی: وا مەڵێ، تۆ گۆڤارێکی وەکوو گەلاوێژت لە بەر دەستایە. بە حوکمی ڕۆژنامەچێتی هەڵسوکەوت لەگەڵ هەموو جۆرە کەسێکا ئەکەی بە تایبەتی خوێندەوارانی کورد. کەم کەس هەیە وەکوو خاوەن گۆڤار و ڕۆژنامە پەیوەندی لەگەڵ خەڵکا هەبێت.

وتم یستەر ئەدمۆنس تکات لێ ئەکەم ئەم پرسیارە لە یەکێکی تر بکە. وتی: هەر لە تۆی ئەکەم، چونکە کەم کەس هەیە بە ئەندازەی تۆ لەگەڵ خەڵکا بێت. وتم تکا ئەکەم وازم لێ بێنە. وتی: نابێ. وتم: مستەر ئەدمۆنس، خەڵکی چی؟ ئەم خەڵکە کە تۆ ئەیانبینی دوو بەشن، بەشێکیان هەر لە هیچ تێ ناگەن تەنها لە کاروباری تایبەتی خۆیان نەبێ، لە «ساحب» بەولاوە هیچیتر نازانن؛ بەشەکەی تریشیان کە دێنە لای یەکێکی وەکوو جەنابت، ئەڵێن «ساحب» کە چوونە دەرەوە جنێوتان ئەدەنێ.

فڵانی هەر کە ئەوەم وت ڕەنگێکی هێنا و بردی، ئەم ڕوومەتە گەش و سوورەی وەکوو لیمۆی زەرد هەڵگەڕاو هەتا بەینێک قسەی هەر پێ نەکرا. ڕاستی منیش لە قسەکانم تۆزێ پەشیمان بوومەوە، لە دڵی خۆما وتم چیم کرد بە خۆم.

پاشان هاتەوە قسە و وتی: باشە باوەڕی خۆتم پێ بڵێ. وتم: میستەر ئەدمۆنس تکات لێ ئەکەم لە خۆم گەڕێ. وتی: نابێ هەر ئەبێ بێڵێیت. بە تەواوی شپرزەی کردم. وتم: مستەر ئەدمۆنس ڕاستی باوەڕی من ئەوەیە: تا ئیشتان هەیە ئەم ئێستگەیە ئیش ئەکا. کە ئیشتان نەما ئێستگەکەش نامێنێ. وتی: مامۆستا چۆن شتی وا ئەبێ؟ وتم: وە ڵڵا ئەمە باوەڕی منە و تۆیش زۆرم لێ ئەکەی بۆ قسە کردن. بەڵام ئەوا هەستیش ئەکەم کە گەرم و گوڕییەکەی نەماوە و لە دڵا زۆر پڕە.

زەمانە هێنای و بردی، لە مایسی ١٩٤٥دا شەڕی دوایی هات، دوای ئەوەی ئێستگەی کوردی یافا کەوتە کزبوون، زۆری پێ نەچوو گۆران هاتەوە، پاش بەینێکی تر ڕەمزی قەزایش هاتەوە، دواچۆڕ ڕەفیق چالاک گەڕایەوە و ئێستگە بە تەواوی سەری تیا چوو.

عبدڵڵا بەگ کە هەر هاتەوە کەوتە دەردەدڵ کردن، کە چۆن هەر لەگەڵ دوایی هاتنی شەڕیان بڵاو کردەوە ئیتر لەگەڵ ئەوانیشا کەوتنە لووت و پووت.

ڕێکەوت زۆر سەیرە! لە پاش چەند ساڵ و لە پاش دوایی هاتنی جەنگ و لە پاش نەمانی ئێستگەی کوردی یافا، ڕۆژێکی تر هەر لە داخلیەوە هەر لە هەمان شوێنی سەر قاڵدرمەدا تووشی ئەدمۆنس بوومەوە، من دەست پێشکەریم کرد، لە پاش چاک و چۆنی دەستم بۆ ڕیشە بێ ڕیشەکەم بردوو وتم: ها میستەر ئەدمۆنس چیمان وت؟ وتی: ئەی بێ قەزا بی مامۆستا ئەمە سیاسەتە. منیش وتم: بەڵێ ئاخر منیش ئەموت سیاسەتە. ئیتر لە یەک جیا بووینەوە، ئەو سەرەو خوا و من سەرەوژوور بووینەوە.