تشرینی دووەمی ١٩٣٠یە لەگەڵ فەقێ برایمی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 6 خولەک  573 بینین

تشرینی دووەمی ١٩٣٠یە. لەگەڵ فەقێ برایمی دۆڵاویدا لە پشدەری ئەودیو ڕێمان کەوتە «نوورەدین»، دەمە دەمی زەردە پەڕی خۆراوا بوو، ڕووبەڕووی دیوەخانەکەی «هەباسی مەحموواغا» بووینەوە، وتیان هەباساغا لە ڕاوە، زۆری پێ نەچوو نزیکەی دە پانزە زەلام لە گردەکەوە بەرەو بەرزایی بەر دیوەخانەکە بوونەوە. هەموو بە پێیان هاتن، پیاوێکی چوارشانەی بە خۆوە بووی داڕێژراوی لە بەر پتەوی بە کورتە باڵا ئەهاتە بەرچاو، ڕانک و چۆغەیەکی عادەتی لەبەرا بوو، شەکرەی جەمامەدانەیەکی ڕیشووداری بە دەستووری پشدەر بە سەرەوە بوو، پشتێنێکی سێ چوار قەدی لە پشتا بوو، خەنجەرێکی پیا کردبوو، پێنج تیرێکی ئێرانی نابوو بە نەڕەی شانیەوە، ڕووبەڕووی ئێمە هات، چاکوچۆنی لەگەڵ کردین؛ زۆر سادە بوو، وتی: با بچسن بۆ دیواخان.

ئێمەش هەر چاوەڕێ هەباساغامان ئەکرد، کە بێتەوە. تومەز ئەم پیاوە هەباساغا بوو کە پشدەری ئەو دیو لە بەر هەباسی مەحموواغا نوورەدین پشتی ئەلەرزا. وا دیار بوو ئەم پیاوە بە لای ئێمەوە سادە بوو، ئەگینا لە ڕاستیدا وانەبوو، دیوواخان و دەسەڵاتی لە هەموو ئەو ناوەدا ناوی دەرکردبوو. بەیانی ماڵاواییمان لەو دەسەڵاتە و دیواخانە و لە نوورەدین کرد و بەڕێ کەوتین.

هەر لەو سەفەرەدا هاتینە «گاپێلوەن» ئێوارەیەکی درەنگ بوو چووینە مزگەوتەکە. دنیا سارد بوو ئاگر لە بوخاری مزگەوتەکەدا کرابووەوە چووینە بەر ئاگرەکە، مزگەوتەکە پڕ بوو هەر کەسە لە ئاشێ لێی ئەکرد. ئەوەندەمان زانی کتوپڕ کش و ماتییەک هات بەسەر خەڵکەکەدا، ئێمە لە ئاشی خۆمان هەر نەکەوتین. من پرسیم ئەوە بۆچ وا خەریکە بێدەنگ بوون؟ یەکێ وتی: ئەوە حاجیەباساغا هات؛ واتە هەباس سەلیماغا. ئەو جێگای تایبەتی خۆی هەبوو کە ئەهات بۆ مزگەوت لە سەفی یەکەما لە پشت ئیمامەوە دا ئەنیشت.

من هەندێ وشە لەو وڵاتی پشدەرە فێر ببووم وەکوو «چاپلووس، عەجەم، بێ بڕوا... هتد» ئەو سەردەمە زیتەڵە و قسەکانم زیاد لە ئەندازەی تەمەن و ڕێوشوێنەکەم بوو. لە گوێ ئاگردانەکە قسەم ئەکرد و ئەمدا بە یەکا، ئەوەندەم زانی خەڵکەکە دڕنیان دا و پیاوێکی بە دیمەنی ڕیش تۆپی ماش و برنج. کورتەک و شەرواڵێکی ماوتی زەردی عەجەمی لە بەرا بوو، پشتێنێکی چەند قەفی چیت، پێچێکی چیتی پشدەریانەی بە سەرەوە بوو، تەزبێحێکی بە دەستەوە بوو «سبحان اللهعەرەبی»ی ئەکرد، هات لە تەنیشتمەوە دانیشت. تومەز ئەمە حاجیەباساغایە دەنگی قسەکانی من گوێی زرنگادۆتەوە هاتووە بۆ هاڵ و هەواڵ؛ منیش نازانم. دەستی کرد بە قسە کردن لەگەڵما وتی: ئێ! کاکە فەقێ دەگووباسی عەجەمەکان چییە؟! منیش وتم: «چاپلووسن» ئەوەندەی تر تامەزرۆی بوو بۆ قسە، ئەو بە نیازێک ئەیپرسی و منیش هەروا بە سادەیی وەڵامم ئەدایەوە. ئیتر نازانم هیچ کەڵکێکی لێم وەر گرت یا نە؟ ئەوەندە ئەزانم ئەو سەردەمە پشدەری ئەم دیو لەگەڵ عەجەمەکانا ڕێک نەبوون، ئیتر بانگی شێوان درا، قامەت کرا، وا بزانم حاجی شێخ محسن ئیمام بوو، نوێژی شێوان کرا حاجیەباساغا وتی: با بچینەوە بۆ دیواخان، کە چووینەوە دیواخان، دام و دەزگایەکی زۆر سەیرم هاتە بەر چاو، لە کتێبە ئەفسانەکانا باسی دیواخانی وردە پاشاکانم خوێندبووەوە، ئەو دیواخانە ئەفسانەی لێی کردم بە ڕاستی. ئەو شەوە لەوێ بووین و بەیانی ماڵاواییمان کرد و بەرێ کەوتین.

هەر لەو سەفەرەدا هاتینە سوورە قەڵات ماڵی «ڕەشەی ئەوڵاغا» لە ئاغای میراو دەلی پۆشتەو پەرداخی وەکوو ڕەشەی ئەوڵاغام کەم دیبوو، هەر لە خۆی ئەهات ئەو کورتەک و شەڕواڵی ماوتە، پشتێنێکی شاڵی عەجەم لە پشتا، خەنجەری دەستک ماهی بە کەمەرەوە، تەزبێحی کارەبا بە مستووەکەیەوە. ئەم چیتە جوانە ڕیشودارە بە سەرەوە، قوندەرەی شبرە و لە پێیدا، لە دیواخانەکە لە سەر دۆشەک دانیشتبوو. پیاوان و خزمەتکاریش لەولاوە هەموو بە تفەنگەوە وەستابوون

لە گەڵ هەندێ لە پیاوەکانیان قسەیان لە ڕەوە ئەسپەکەوە ئەکرد. تەمەنی ئەو سەردەمە لە دەوری سی ساڵێکا ئەبوو، خۆی زۆر بە شۆخ و شەنگی ڕائەگرت. قسەی ئەوەیان لێوە ئەکرد کە کچە دۆمێکی تا ئەوپەڕ جوان و نازدار لە «کێلێ» هەیە دڵی لێی چووە ئەیەوێ مارەی بکا، بەڵام لەبەر بەگزادەی مییراودەلی لەبەر تانوتی خەڵک ناتوانێ پێی بە جەرگی خۆیا بنێ بۆ ئەو ئیشە.

«کاکەمین»ی برا گەورەی کە تەمەنی لە دەوری شەست ساڵا ئەبوو، بە پێچەوانەی ڕەشەی ئەوڵاغا ئەوەندە گوێی بە جلوبەرگ نەئەدا، هەموو کۆششی لەسەر ئەدەبیات و ئەشعاری شاعران بوو تا ئەو سەردەمە من کەم کەسم دیبوو کە وەکوو «کاکەمین» شارەزای غەزلیاتی حافزی شیرازی بێ، بە ڕاستی چاکی ئەزانی. ئێستاش شکڵەکەی لە بەر چاومە کە چۆن بەیەک چاوەوە شارەزای ئەو هەموو ئەدەبیاتە بوو. ئەو سەردەمە مەلا محەمەدی چووڕستانیش لەوێ مەلا بوو.

شەوێکیشمان لەوێ ڕابواردو ڕووبەڕووی شاری سولەیمانی بووینەوە. گەلێ پاش نوێژی خەوتنان بوو کە بە قەیوان و ئەزمەڕا سەرکەوتین، نم نمەی باران ئەباری. کە سەرکەوتین دیمەنی شاری سولەیمانی دەرکەوت، گڵۆپەی کارەبا لە ناو شارا جریوەی ئەهات، یەکەم شتێکی جوانم چاو پێ کەوتبێ تا ئەو سەردەمە دیمەنی ئەو شارە بوو لەو شەو تاریکەدا کە ئەو گڵۆپانە جریوەیان ئەهات. ئێستاش هەر ئەو دیمەنە لە گۆشەی پەڕەکانی دڵما بە جوانی ماونەتەوە؛ چونکە لە ژیانما ئەوە سەرەتای دیمەنێکی جوان بوو لەو بابەتەوە کە من بیبینم.

ڕۆژان ڕۆژی لە دوایە؛ لە ساڵی ١٩٤٥دا ئەو ڕەشەی ئەوڵاغایە کە بەو شۆخ و شەنگیە چاوم پێی کەوتبوو، لە بەغدا چاو پێی کەوتەوە زۆر شڕبار بوو، ئەو جلوبەرگە جوانانە هەموو گۆڕابوون بە ڕانک و چۆغەیەکی شڕ و جوتێ کەوشی دڕاو، جەمەدانەیەکی چڵکن بەسەرەوە، بە ڕاستی گریانم هات. جگە لەمە ئەو دام ودەزگا و دیوەخانانە کە ئەو سەردەمە لە پشدەرا چاوم پێکەوت. زەمان هاڕینی و خاوەن دیوقخانیش بە دەربەدەری کەوتە گۆشەی شاران و گوندان، ئێستا نە خۆیان مان و نە ناو و نیشان و نە دیواخان. زەمان لەگەڵ کەسدا نییە نابێ پشتی پێ ببەسترێ.