ڕۆژی ١٩٥٦/٩/٩ بوو سەعات پێنجی پاش...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 4 خولەک  785 بینین

ڕۆژی ١٩٥٦/٩/٩ بوو، سەعات پێنجی پاش نیوەڕۆ، لەگەڵ حەسەن بەگی مەحموود پاشای جافدا پێکەوە لە هەڵەبجە دەرچووین. ڕووبەرووی خورماڵ بۆ چاو پێکەوتن و سەیرکردنی مزگەوتە کۆنەکانی ئەو شوێنە مێژووییە. ئۆتۆمبیل، ئۆتۆمبیلەکەی حەسەن بەگ بوو، مەحموود لێی ئەخوڕی. ترمبێلەکە ڕادیۆی تیا بوو، قەوانی «سێ گا»ی سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی لە ئێستگەی بەغدادا ئەو کاتە خرابووە سەر. ڕادیۆ کرابووەوە گوێمان لە دەنگە بەسۆزەکەی سەی ئەسغەر بوو کە ئەیوت:

هەر وەک پێشەنگی سەر قافڵەی عەجەم
سەحەر نە سەحرای نەجەف ببۆ جەم

بەو هۆیەوە حەسەن بەگ ئەمەی خوارەوەی بۆ گێڕامەوە وتی:

ئەوا ساڵی ١٩٢٦ ە، لەگەڵ ئەحمەد بەگی وەسمان پاشادا - کە ئەو سەردەمەی هەدووکمان جۆشی گەنجایەتیمان بوو لە هەڵەبجە شەوێکی دەمەو پاییز لە ژوورە بچکۆلە تایبەتییەکەی ماڵی ئەحمەد بەگا دانیشتبووین. ئەحەمەد بەگ پیاوێکی هەبوو حەمە عەلی ناو بوو، بە حەمە عەلی وت کە نەیەڵێ ئەو شەوە کەس بێت بۆ لای، بەو نیازە کە ئێمە ئەو شەوە بەزمێکی تاجرانە بگێڕین. ئەحمەد بەگ بە دەستی خۆی هەموو جۆرە خواردنەوە و مەزەیەکی ئامادە کرد و بەڕاستی نەوەک بوو بەزمی تاجرانە، بەڵکو بوو بە بەزمێکی شاهانەی دوور لە هەموو دڵتەنگییەک.

سەرو پێک نرا بەسەرەوە و حەمە عەلی لە ناکاو کردی بە ژوورا وتی: ئەوا سەیدێک هات نازانم چی بکەم؟ ئەو قسەکەی هەر لە دەما بوو کتوپڕ یەکێکی تر کردی بە ژوورا، کە سەرمان بەرز کردەوە زەلامێکی باڵابەرزمان بەرچاو کەوت، باوەشێ مێزەرەی سەوزی بە سەرەوەیە، عەبایەکی ڕەشی ماوەتی بە شانەوەیە، ڕیشێکی ڕەشی پڕی قەڵەمکراوی پێوەیە وتی: «سلام علیکم» و بە بێ قسە دانیشت. حەسەن بەگ وتی: بەڕاستی ئێمەش لەو سەر و دیمەنە بە تەواو شڵەژاین و لە شەرمانا بە پەلەپەل کەوتینە شاردنەوەی قاپە عەرەق و پێک و مەزە و هەڵساینە سەر پێ و لەبەری ڕاست بووینەوە، کە سەید دانیشت زمانی هەڵهێنایەوە وتی: «ئاغاگەل بەندە سەی ئەسغەری کوردستانیم، فەرموو دانیشن». کە ئەمەی وت تۆزێ ڕوومان کرایەوە دانیشتین و بەخێراتمان کرد. ئەویش تێگەیشتبوو کە ئێمە خەریکی چین لە پاش تۆزێک وتی: «ئاغاگەل بەزمی خۆتان تێک مەدەن، بەندەیچ ئەربابم، ئەو ئەسپاوگەلە دەرکەن».

ئێمەش دڵێک ڕازی و دڵێک ناڕازی شتومەکەکانمان کە شاردبووماننەوە هێنامانەوە مەیدان، بەڵام هەر شەرممان ئەکرد و دەستمان بۆ نەئەبرد، ئەمجا وتی: پێکێک بۆ منیچ تێکەن. ئێمە هەم پێمان خۆش بوو هەم پڕکێشیشمان نەئەکرد. ئەحمەد بەگ سێ پێکی تێکرد و یەکەمینی دایە دەست ئەو و ئێمەش هەر یەکە یەکێکمان گرت بە دەستەوە. سەی ئەسغەر پێکی وەر گرت و هەستایە سەر پێ، پێکەکەی نزیکی پێکی ئەحمەد بەگ کردەوە و دای لە پێکەکەی و تەقەی لێ هەستان و وتی: «بە سڵامەتی سەری ئێوە» و نای بە سەریەوە و دانیشتەوە. سەیرمان کرد ڕاستە زۆر ئەرباببوو، ئەو لە ئێمە گەلێ وەستاتر بوو.

تۆزێ مات بوو پاشان وتی: «ئاغا پێکێکی تر بۆ ئەم ئاغای خۆتانە تێکەوە» پێکی تری بۆ کرد و دایە، ئەویش نای بە سەرەوە سەیرمان کرد وردە وردە ڕەنگی سوور هەڵگەڕا و دەستێکی بەرز کردەوە و تۆزێ مێزەرەکەی لار کردەوە و لە بەر خۆیەوە دەستی کرد بە وتن. پاش ماوەیەک کە گەرم بوو دایە چریکە و دەنگی بۆ بەرز کردەوە لە گەڵ حەنجەرەکەیا شووشەی پەنجەرەکان کەوتنە شەک و شۆک. ئەوەندەمان زانی خڕ شووشە هەموو کەوتنە خوارەوە، جامی پەنجەرە خڕەی کرد. کە چاک سەیرمان کرد، هەر چی ئەهلی هەڵەبجەیە بە دەورەی ژوورەکەدا کۆبوونەتەوە لەو نەوایە سەرسام ماون، ئەوی ڕاستی بێ ئێمەش هیچ ئیختیارێکمان تیا نەما و ئەتوانم بڵێم کەوتین.