ساڵێ ١٩٣٤ە ڕابواردنی سولەیمانی جۆرێکی تر...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  538 بینین

ساڵێ ١٩٣٤ە ڕابواردنی سولەیمانی جۆرێکی تر بوو. حەمدی ئەفەنی چایچی (خاوەنی قەوانی ئای ئای) بڕیاری دا پەرد ەپڵاوێک لە ماڵەوە دروست بکا و بۆ نیوەرۆژی ئەو ڕۆژە کە ڕۆژی سێ شەنبە بوو، بهێنێتە مزگەوتی حاجی مەلا ڕەسووڵ بۆ ئەو دەستە دۆست و برادەرانەی کە بانگی کردبوون بیخۆن. دەستەکەش بریتی بوون لە:

مستەفای حاجی مەلا ڕەسووڵ، وەستا ئەوڕەحمانی کەبابچی، وەستا ئەحمەدی حاجی سیفوڵڵا، خالد ئەفەنی، دەورێش ئەحمەدی چایچی، حاجی مەلا عارفی بستۆ، وەستا ساڵحی چایچی، حاجی عەزیزی تووتنچی، مەلا حەسەنی شاتری. دیارە منیش بە شوێنیانەوە. نوێژی نیوەڕۆ کرا. حەدمی ئەفەنی ماڵەکەیان نزیک بوو لە مزگەوتەکەوە. دووسێ جار هاتوچۆی ماڵەوەی کرد و هەر جار کە ئەهاتەوە ڕەنگی زیاتر تێک ئەچوو. حەمدی ئەفەنی خۆی لە خۆیا تووڕە بوو، لەو هاتوچووەشدا ئەوەنەی تر ئاگری گرتبوو. لە ئێمە وایە پەردە پڵاوەکە ڕێک نەکەوتووە و لە شەرمەزاریدادا تووڕە بووە، ئێمە هەموو هەستمان پێ کرد. مامۆستا مەلا مستەفا هاتە قسە و وتی:

حەمدی ئەفەنی! هیچ توڕەیی و شەرمەزاری ناوێ، ئێمە هەموو براین و خێزانی ماڵێکین، خۆ غەریب نیت، دوور نییە لە ماڵەوە ئیشیان هەبووبێ یا بۆیان ڕێک نەکەوتبێ نان دروست کەن، ئێستا ئەنێرینە بازار لە کەبابە نایابەکەی وەستا ئەوڕەحمانمان بۆ دێنن و نان ئەخۆین، ئیتر بۆ چی خۆت سەغڵەت ئەکەی؟

حەمدیەفەنی ئیتر خۆی نەگرت. وتی: مەلا مستەفا ئەوە تۆ ئەڵێ چی؟ نانی چی و شتی چی؟ من ئەوا ساڵ و عەیام و زەمان ئیمڕۆ هەوەسم هەستاوە لەو قەحبەبابەی ژنم. هەر کە ئەچمەوە بە پەلە سەیر ئەکەم سێ چوار دێڵە قۆڕ لە ژوورەکەدان. ئەیبەمە ژوورێکی تر ئەو خراپتر، ماڵەکەمان ئیمڕۆ بووە بە نیرگەلەکەی سەی ئەحمەدی بابە ڕەسووڵەوە، نازانم ئەم هەموو ژنە چییە ئیمڕۆ ڕوویان کردۆتە ماڵی ئێمە؟ منیش بە خێر ئەبێ بۆ خۆم سەبر کەم تا ساڵێکی تر ئەم وەختە.

لە پاشا پەردە پڵاویان هێنڵ، بەڵام چ پەردە پڵاوێک؟ پەردە پڵاوێکی شیر داخی، بە ڕۆنی زەرد و برنجی بسکان دەست و پەنجەی ئەجەخان لێنرابێ، ئەبێ چ پەردە پڵاوێک بوو بێ؟ ئای حەوت جار سڵاو بۆ ڕۆنە زەنگەکەی ئەو ڕۆژە.