آصف الدیوانی سنە گەلێ دێ و ناوچە و...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  542 بینین

«آصف الدیوان»ی «سنە» گەلێ دێ و ناوچە و گوندی هەبوو، ئەم گوندانە لە ساڵا «زاوت»ی ئەنارد حاسڵاتیان بۆ وەر ئەگرت، هەر لە زەمانی باو باپیریانەوە کە ئەمانە خاوەن مڵک بوون بەمجۆرە بوون بۆ کۆکردنەوەی حاسڵات و مڵکانە.

کوڕێکی خەڵکی شاری سنە کە ناوی «میرزا نەسروڵڵا» بوو، پاش ئەوەی کە خوێندن لەو وڵاتە تەواو ئەکا ئەچێ بۆ فەرەنسە، لەوێ شەهادەیەکی بەرز وەرئەگرێ و ئەگەڕێتەوە. ویستبووی لە لای «ئاسەف» یش کارێک بکا، ئاسەفیش ئەمەی بە لاوە خراپ نەبوو. میرزا کەوتە ئیش کردن، بەڵام هەر ڕۆژە نە ڕۆژێک شتێکی ئەدۆزیەوە و قەوانێکی ئەخستە کار. ئەمەش هەموو لەبەر ئەوە بوو کە شەهادەی لە فەڕەنسەوە هێناوەتەوە، لەوانە بوو نە لووتی بە «ئاسەف» دا ئەهێنا و نە بە هیچ کەسێکی ترا. لە ئەنجاما ئاسەف گەیشتە تینی و ئیتر پێی هەڵنەگیرا وتی: «بەو ئاغایە بێژن حەفت تەغار گەنم و جۆ ئەدەین بە یەکێ حساوەکەمان بۆ بکا، ئێمە حەفتە بیجاڕی خۆمان هەس لە ناو شیشەکانا، حەفتە بیجاڕی فەرەنسەمان گەرەک نییە».