کابرایەک هەبوو لەو سەرە لە ناو خەڵکا پێی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  530 بینین

کابرایەک هەبوو لەو سەرە لە ناو خەڵکا پێیان ئەوت «ڕەشوبۆر»، ئەم کابرایە سەر و سەودای لەگەڵ سەگدا زۆر بوو، خەڵک و خوا شتیان ئەدایە، هەر شتێکی دەست ئەکەوت ئەیدا بە سەگ، بە درێژایی ساڵ ڕەوە سەگێکی بە دەورەوە بوو. بە شەویش هەر لە ناو ئەوانا ڕۆژی ئەکردەوە.

جارێک نازانم لە بەر چی ئەبێ خۆی لە سەگەکان ئەدزێتەوە. تەنها دوو سەگ لەگەڵ خۆی ئەبا لە شوێنێک دائەنیشێ و سەگەکان بە لایەوە قنچکە ئەکەن. ئەم سەگانەش یەکێکیان ڕەش ئەبێ و یەکێکیان سپی، کابرایەکی مەڕدار بەوێدا تێ ئەپەڕێ پێی ئەڵێ: ڕەشوبۆر، یەکێ لەم سەگانەم پێ نافرۆشی؟ ئەڵێ: کامیانت ئەوێ؟ ئەڵێ: سپییەکە، ئەڵێ: سپیەکەم لە ڕەشەکە خۆشتر ئەوێ. ئەڵێ: دەی ڕەشەکەم پێ بفرۆشە، ئەڵێ: «ڕەشەکەم لە هەردووکتان خۆشتر ئەوێ».