لەو دەشتی دزەییە فەقێیەک هەبوو مەلا برا...
لەو دەشتی دزەییە فەقێیەک هەبوو «مەلا برایمی مەشهور» یان پێ ئەوت، ئەم مەلا برایمە هەم سەر و فەساڵی و هەم کردەوە و قسەی لەوانە بوو هەمو کەسێکی ئەهێنایە پێکەنین. ئەمەش هەر خۆی لە خۆیا وا بوو، وە نەبێ بە عەنقەس وای بکردایە.
مەلا برایم ئاوەڵ مستەعدێکی ئەبێ. سوختەکە ڕۆژێک مەلا برایم توڕە ئەکا، مەلا برایمیش پێی ئەڵێ: «کێرت بە قنگی مەلا یەحیای مامۆستات! ئەگەر مامۆستاکەت پیاو بووایە تۆیش پیاو ئەبوویت». سوختە ئەچێ ئەمە بۆ مەلا یەحیای مامۆستای ئەگێڕێتەوە. م
ەلا یەحیا لەم قسەیە زۆر توڕە ئەبێ و وەکوو فیشەکە شێت ئەچێ بە ئاسمانا. کوتەکێکی ئەبێ هەڵیئەگرێ و ئەچێ بۆ مەلا برایم. کە ئەگاتە بەر دەمی مەلا برایم کوتەکی لێ هەڵئەسوڕێنێ و ڕووی تێ ئەکا و ئەڵێ: مەلا برایم! نەڵێیت بە حیزی هاتووتە سەرم، ئەو کوتەکەت چاو لێیە؟ تۆیش هەڵسە بکەوەرە خۆت، یا من سەر و گوێلاکی تۆ ئەنێمە یەک یا تۆ، یا تۆ من لە ناو ئەبەیت. ئیمڕۆ یەکێکمان ئەبێت بە دەست یەکێکمان بیخۆین، قسەیەکی وات نەکردووە شوێنەکەی ساڕێژ بێتەوە.
مەلا برایمیش ئەڵێ: ئەی چۆن جا شەڕ کەی وا ئەبێ؟ شەڕ ئەوەیە، کە ئەبێ تۆ بچی لەولاوە دابنیشی دەست بکەی بە قسە کرد، منیش دەست بکەم بە قسە لە هەوەڵەوە بە نزمی، لە پاشا بە توندی.
ئەمجا هەردووکمان لە یەک زیت بینەوە، تۆ دەست بکەی بە جنێو دان. من بڵێم: کەم گوو بخۆ، تۆ بڵێت ئەوە بە کێ ئەڵێی کەم گوو بخوا؟ من بڵێم باوە حیز بە تۆ ئەڵێم. ئەمجا تۆ ڕاست بیتەوە، منیش هەستمە سەر پێ، تۆ هەنگاوێک بێیتە پێشەوە. من قۆڵم هەڵکەم، تۆ تووڕەتر بییت هەنگاوێکی تر ببێیتە پێشەوە ئەمجا منیش بێم باوەش بکەین بە یەکا، لە من زیل و لە تۆ بەم. دەست لە دەست و قەوەت لە خوا. تا یەکێکمان ئەکەوینە توونی بابە عەمرەوە. برا شەڕ ئاوا ئەبێ. کەی بەو جۆرە ئەبێ، کە تۆ بۆی هاتوویت؟
کە مەلا برایم ئەمانە ئەڵێت، مەلا یەحیا جوان و پوخت خاو ئەبێتەوە و دەست ئەکا بە پێکەنین و ئەگەڕێتەوە دواوە.