حاجی برایم ئاغای عەنبار - ڕوژێک سەربانی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  541 بینین

حاجی برایم ئاغای عەنبار - ڕوژێک سەربانی کۆشکەکەیان سواغ درابوو هێشتا وشک نەبووبووەوە لەگەڵ کوڕەکەیا بە پێ پلیکانەکانا سەرئەکەون و ئەچنە سەربان، لە سەر بانەکە ئەچنە ئەو سەر و ئەگەڕێنەوە، لە بەر ئەوە کە قونەرەیان لە پێدا بوو شوێنەکەی بەسەر بانەکەدا چاڵ کەوتبوو، حاجی کە چاوی پێ ئەکەوێ، لەوێ بانگ لە خزمەتکارەکەی ئەڵێ: «دەویت باوک بۆچ هێشتووتە ئەم کەر و جاشە سەرکەونە سەر ئەم بانە؟».

خزمەتکارەکەش ئەڵێ: قوربان کەر و جاشی چی؟ کەر و جاش چۆ بەم پێ پلیکانانەدا سەر ئەکەون؟ ئەویش ئەڵێ:«قون فرە باب! بۆچ خۆت لە من بەعاقڵتر ئەزانی وا ئەتەوێ بمخەیتە درۆوە؟ ئەوە نییە شوێن پێی کانیان دیارە».

خزمەتکاری قوڕبەسەریش ناوێری هیچ بڵێ، ئەگەر ئەڵێ شوێن پێی خۆتانە تێر و پڕ تێ هەڵدان ئەخوا! چار ناچار بێدەنگ ئەبێ.

ئاغا لە گەڕانەوەیانا بەسەر بانەکەدا دیسان دوو شوێن پێی تر ئەبینێ. ڕووی تێ ئەکاتەوە و ئەڵێ: «سەگباب ئەوەتە تا ئێمە لێرە بووین کەر و جاشێکی تر سەرکەوتوونەوە؛ کە چی چاویشمان پێیان نەکەوت». ڕوو ئەکاتە کوڕەکەی و ئەڵێ: «ڕۆڵە با بچینە خوارەوە، ئەمە جنۆکان خۆیان کردووە بە کەر و جاش و کەوتوونەتە ئەم سەربانە، ئەیانەوێ دەستمان تێ ژەنن، نەوەڵڵا تا شێتیان نەکردوین با بچینەوە خوارەوە».