لەو سەرە لە دێی کەسنەزان پیاوێک هەبوو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  640 بینین

لەو سەرە لە دێی «کەسنەزان» پیاوێک هەبوو «کەوە»ی ناو بوو، چەرچییەتی ئەکرد، خوا حەقە بە پیاوێکی بە دەسەڵاتیش ناو ئەبرا. ژنێکی جوانکەلەی هەبوو، ئەیانوت ئەم ژنە دۆستی هەیە، قسەکە بەر گوێ «کەوە» کەوتبۆو، کەوە ویستی بە تەواوی تێ بگا. ڕۆژێک بە ژنەکەی وت ئافرەت ئەڵێن گوێزی هندستانیان هێناوەتە شار، ئەو گوێزەش لێرە پارەی چاک ئەکا، توێشووم بۆ ڕێک خە با بچم هەندێکی لێ بێنم ڕەنگ بێ چەند ڕۆژێکیش لەبەر ئەوە دوا بکەوم. ژنە توێشوی بۆ ڕێک خست و کەوە لێی دا ڕۆیشت، نەچوو بۆ شار، خۆی خڵافاند تا شەو بەسەرا هات گەڕایەوە بۆ ماڵەوە چووە سەر بان لە سەر کڵاوڕۆژنەکە سەیری خوارەوەی کرد، تەماشای کرد ئەوا ژنەکەی لەگەڵ زەلامێکا بەرانبەر بە یەک دانیشتوون قسەی خۆش خۆش ئەکەن. تومەس ئەوە دۆستەکەیە هاتووە، ژنە لە بەرانبەر دۆستەکەیەوە دانیشتووە و دەستی خستۆتە سەر دوابڕاوەکەی خۆی و ئەڵێ:

مەسلی مەسان ئەمەسە
سافی بەر هەسان ئەمەسە
پێشۆکی کەیفان ئەمەسە
کوڵمەی بەر دەسان ئەمەسە!

دۆستەکەش ڕووی کردۆتە ئەو، ئەویش دەستی خستۆتە سەر حەیتەکەی خۆی ئەڵێ:

تەڕکی سەر دەستان ئەمەسە
بڕکی ناو بێستان ئەمەسە
سوورەی هەواسان ئەمەسە
ناوکی ناو باسان ئەمەسە

پیاوەکەش کە لە سەرەوە بوو گوێی لەم قسانە بوو ئەویش هاتە زمان وتی:

گوێزی هندستان ئەمەسە
گورزی سەر گورزان ئەمەسە
کەوەی کەسنەزان ئەمەسە
دەنگی سەربەرزان ئەمەسە!

ئەمجا هاتە خوارەوە و هەردووکیانی داپاچی.