پیاوێک هەبوو لە سولەیمانی عەلی فەوتاو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  691 بینین

پیاوێک هەبوو لە سولەیمانی «عەلی فەوتاو» یان پێ ئەوت: ئەم عەلی فەوتاوە، کە ئەڕۆیشت لە پشتەوە پیاوی وا جوان و شۆخ و شەنگ و کەڵەمێرد کەم ئەبینرا، بەڵام لە پێشەوە بە پێچەوانەی ئەوە لە ناشیرینیدا مەگەر وێنەی خۆی لە ئاوێنەدا هاوتای بکردایە ئەگینا کەسی تر نەبوو. وتی: ئەوا ڕۆژێک بە کۆڵانێکا ئەڕۆم سواڵکەرێک شوێنم کەوتووە بانگم ئەکا: جوان! بیکە بە خاتری ئەو قەد و باڵاتە پۆڵێکم بدەرێ، منیش ناوێرم لا بکەمەوە ئەمەوێ خۆم دەرباز کەم، بەڵام ئەو وازم لێ نایەنێ. هەر بە شوێنمەوەیە، لە ئاخرا چارم نەما لایەکم بۆ کردەوە، وتی: کە سواڵکەرەکە سەیری کردم و تێ گەییشت من چ ماڵێکم، دەستی برد پۆڵێکی دەرهێنا و وتی: ها من پۆڵێک بدەم بە تۆ، هەر قسەیەکم کردووە بە خەسار چوو و گووم خواردوە!