فەتالی شای قاجار (١٧٧١ - ١٨٣٤) خوا سەلام...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  790 بینین

فەتالی شای قاجار (١٧٧١ - ١٨٣٤) خوا سەلامەتی کا بە تەنها ٦٣ ساڵ عومرەوە ٤٠ دانە کوڕی هەبوو، ئەمانە هەر لە سەردەمی خۆیا وەچەیان ئەوەندە لێ کەوتەوە کار لە دوو سەد و سێسەددا نەما! چ بە بەچکە شا و چ بە نەوە و نەوازی ئەوانە، هەموویان لەلەیان هەبوو، هەموشیان دوای نەمانی شا، شایان بە «خاقانی مەغفور» ناو ئەبرد.

حەسەن بەگی جاف بۆی گێڕامەوە وتی:

یەکێ لە کوڕەزاکانی فەتالی شا دوو سێ منداڵی هەبوو کە لە تەمەنی دە دوانزە ساڵانا بوون، ئەمانە لەلە یەکیان هەبوو لە گەڵیان بوو. خۆت ئەزانی منداڵ بچووک و بە تایبەتیش شازادەش بێ زۆر لاسار و چەتوون ئەبێ. ئەم منداڵانە دنیایان لە لەلەکەیان کردبوو بە پێستی چۆلەکە: یەکێ پەنجەی ئەکرد بە چاویا ئەیوت: بە گۆڕی خاقانی مەغفور نەمزانی. یەکێ پەنجەی ئەکرد بە ژێر کڵاوەکەیا ئەیوت: بە گۆڕی خاقانی مەغفور دەگ ناکەی. یەکێ بزێکی پێوە ئەکرد ئەیوت: بە گۆڕی خاقانی مەخفور پەنجەم لە سەری کرد. بە جۆرە لەلەی هەژاریان لە دین دەرکردبوو، لەلەش لە بەر ناو و گۆڕی خاقانی مەغفور نەیئەوێرا هیچ دەنگ بکا! ڕۆژێک ئەم منداڵانە بە تەواوی هەراسانیان کرد و ئیتر پێی هەڵنەگیرا یەکێک لە منداڵەکان پەنجەی کرد بە ناو ڕیشەکەیا و وتی: بە گۆڕی خاقانی مەغفور ڕیشێکی پڕە. ئەویش هیچ سێ و دووی لێ نەکرد و وتی: ڕیام بە گۆڕی خاقان مەغفوردا، ئیتر پەنا بە خوا، دەسا چی ئەبێ با ببێ!