ساڵێک زوو خزمێکی ئەو ڕەحمانی خامە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  691 بینین

ساڵێک زوو، خزمێکی ئەو ڕەحمانی خامە ماڵیان لە بەغدا ئەبێ. پورە فاتەیەکی خزمیان هەبوو لە سولەیمانییەوە بە میوانی ئەچێت بۆ ماڵیان، پورە فاتە ئافرەتێکی بە نوێژ و تاعەت بوو سەری بوچووایە نوێژی نەئەچوو، بەڵام؛ زۆری پێ ئەچوو بۆ سەر ئیش ئەبووایە دەست و دەم و چاوی بشوا و سەر ئاودەست بکا، پورە فاتەش ئاودەستەکەی لێ ئەگرت هەر دەر نەئەچوو، ئەمیش درەنگی بوو ئەبووایە بچوایە بۆ سەر ئیشەکەی، بە ناچاری هەر وا ئەڕۆیشت بە بێ ئەوەی سەر ئاودەست بکا. ڕۆژێک و دوو ڕۆژ و سی ڕۆژ وا ئەم ئیشە درێژەی کێشا ڕۆژێک خاڵەی خزم لە ڕێگادا تەنگەتاو ئەبێ و بڕ ناکا بۆ سەر ئیشەکەی هەر لە ڕێگا خۆی پیس ئەکا! کە ئیش گەیشتە ئەم شوێنە ئیتر لە وزەیا نامێنێ. ئیوارێ کە ئەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، شەوێ لە نیوەشەوا هەڵئەستێ هەندێ دەلوبیبەر هاڕاوە لە گەڵ ئاڵەت و زەنجەفیڵدا تێکەڵاو ئەکن و ئەیبا ئەیکاتە ناو مەسینەی ئاودەستەکە و بەیانی لە سەر عادەتی خۆی لێ ئەدا ئەچێ بۆ سەر ئیش پورە فاتە وەکوو جاران زوو هەڵئەستێ ئەچێتە سەر ئاودەست، کە لێ ئەبێتەوە ئاو ئەکاتە مەسینەکە و خۆی پێ ئەشوا! مەسینەش ئەو غەزەبەی تێدایە! لە پاش یەک دوو ساعەت پورە فاتە ئاگری تێ بەر ئەبێ، ئەو ڕۆژە ئیش و کاری هەر ببوو بەوە؛ بە دەست و بە کراسەکەی باوەشێنی ناوگەڵی خوی ئەکرد و ئەیوت: وەی وەی بە قوڕ گیرێ ئەم بەغدایە چەند گەرمە، ئەیەڕۆ عەتیەخان ئەوە ئێوە چۆن ستاری تیا ئەگرن؟! وەڵڵا من ئەگەر دوو ڕۆژی تری لێ بم بە تەواوی ئەتوێمەوە، هەستن بار کەن با بچینەوە بۆ سولەیمانی. ئاوا بە کراسەکەشی هەر خەریکە باوەشێنی ناو گەڵی ئەکا!