لە مفتی زەهاوی ئەگێڕنەوە ئەڵێن جارێک لە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  933 بینین

لە مفتی زەهاوی ئەگێڕنەوە ئەڵێن جارێک لە بەغدا یەکێک چووە لێی پرسیوە، بەڵام لە ڕاستیدا ویستویەتی بیشکێنێ. وتوویە: جەنابی مفتی جارێ سەگێکم چاو پێکەوت پەڕیە سەر مەڕێک مەڕەکە گرتی و پاشان مەڕە زا، ئەوی لەو مەڕە بووە ئایا حەڵاڵە یا حەرامە؟ مفتی وتی: ئەتوانی بە خواردنی تاقی بکەیتەوە، ئەگەر گۆشتی خوارد ئەوە سەگە و ئەگەر گیای خوارد ئەوە مەڕە. کابرا وتی: گۆشتیش ئەخوا و گیاش ئەخوا. مفتی وتی: بە ئاو خواردنە یا تاقی بکەوە، ئەگەر بە زمان ئاوی ئەخواردەوە، سەگە، ئەگەر بە لێو هەڵی ئەلووشی مەڕە. کابرا وتی: هەندێ جار بە زمان و هەندێ جار بە لێو ئاو ئەخواتەوە. مفتی وتی: بە ڕۆییشتنیا تاقی بکەوە، ئەگەر لە پێش یا لە ناوەڕاستی ڕانەکەوە ئەڕۆیشت مەڕە، ئەگەر لە دواشەوە ئەڕۆیشت سەگە، کابرا وتی: وا هەیە لە پێشیشەوە ئەڕوا و لە دواشەوە ئەڕوا، مفتی وتی: بە دانیشتنیا تاقی بکەوە. ئەگەر لە سەر سنگ ئەکەوێ مەڕە، ئەگەر چنگ ئەکا سەگە، کابرا وتی: بە هەردوو بارا دائەنیشێ. مفتی وتی: کە واتە سەری بڕە ئەگەر ورگ - گەدەی هەبوو مەڕە، ئەگەر ڕیخۆڵەی هەبوو سەگە.