سەی عەبدوڵڵای شێخولئیسلامی هەبوو لە سنە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  616 بینین

سەی عەبدوڵڵای شێخولئیسلامی هەبوو لە سنە پیاوێکی ئێجگار بە دین و لە خوا ترس بوو. دەستی مەلایەتیشی هەبوو سورەتی «الکهف»ی لە قورئانا لەبەر کردبوو، بە ڕۆژی هەینییان لەبەر وێڵی ئاینی ئەیخوێند.

ڕۆژێکی جومعە، لە گەڵ دەستەیە مەلا و فەقێی سنەدا ئەچن بۆ «سەرنوێ» بۆ سەیران ئەم تەرێک لە خەڵکەکە لە پێشەوە بە ڕێگادا ئەڕوا و لە سەر عادەتەکەی خۆی سورەتی «الکهف» ئەخوێنێ.؟ لەو سورتەدا لە دوو شوێنا ئاخری دوو ئایەت هەیە، پێشینەکەیان «سربا» پاشینەکەیان «عجبا»یە ماوەی بەینی ئەم دوو بەیتەش زۆر نییە. ئەو کە تووشی ئایەتی یەکەمین ئەبێ لە باتی ئەوە بڵێ: سربا، ئەڵێ: عجبا، کە ئەگاتە ئایەتی دووەم بە تەواوی بۆی دەرئەکەوێ کە شوێنی عجبا ئێرەیە و ئەزانێ لە پێشوودا غەڵەتی کردوە.

لێرەدا لەگەڵ ئەوەشا کە ئەزانێ شوێنی «عجبا»یە و هەر ئەڵێ «سربا». لایەک ئەکاتەوە بە دوای خۆیا و ئەڵێ: مەردم گەل! بە شایەت بن ئەم «سربا»ی ئەگرە لە جیاتی «عجبا»ی بگردکە، ئەوەی ئەینەچ لە جیاتی ئەگرەسە.