کوڕەکەی کەمال بۆی گێڕامەوە وتی شاگردی و...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  813 بینین

کوڕەکەی کەمال بۆی گێڕامەوە وتی:

شاگردی وەستا بووم لە کۆیە وەستا پێی وتم،: ئا کوڕم! بچۆرەوە بۆ ماڵەوە بزانە چیان ئەوێ بۆیان بکڕە و بۆیان بەرەوە، منیش چووم بە وەستا ژنم وت، ئەویش وتی: کۆڕم ئەمەوێ بۆ ئەم نیوەڕۆیە یاپراخ بکەم، بچۆ هەندێ کەرەستەی یاپراخمان بۆ بێنەوە، منیش بە فڕکانێ هاتمەوە و بە وەستام وت، وەستاشم وتی: کوڕم بچۆ بۆیان بکڕە و بۆیان بەرەوە، چووم خێرا کڕیم و بردمەوە، وەستا ژنم خەریکی قاپ و قاچاخ شتن بوو، دامێ و گەڕامەوە، پێی وتم: کوڕم تۆیش بۆ قاوەلتێ وەرەوە لەگەڵ منداڵەکان نان بخۆ، هاتمەوە بۆ دوکان بۆ لای وەستام.

نیوەڕۆ بە سەعاتێ پێش وادە، چوومەوە سەیرم کرد وەستا ژن مەنجەڵە یاپراخی خستۆتە سەر ئاگر و چەند بەردێکی خستۆتە سەری بۆ ئەوەی تێک نەچێ، لەو لاشەوە دەوری و فەخفورییەکانی هەموو شتووە و لە ناو سینییەکا دایناون و ناو ماڵەکەش گەسک دراوە و هەموو شت لە شوێنی خۆیانە.

لەم کاتەدا حسامی کوڕی هاتەوە و وتی: دایە! برسیمە نانم بۆ تێکە. دایکیشی وتی: گیانی دایکێ تۆزێ ڕاوەستە هێشتا یاپراخەکە نە کوڵاوە، با بکوڵی بۆت تێئەکەم، ئەویش وتی: برسیمە ڕاناوەستم، هەر ئێستا بۆم تێکە، دایکی وتی: کوڕم پەلە مەکە با بکوڵێ بۆت تێ ئەکەم.

لە سەر ئەمە ئەم هەر ئەڵێ و دایکیشی ئەڵێ نەکوڵاوە، تۆزێ ڕاوەستە، بوو بە دەمە قاڵەیان، دایکی وتی: دەبڕۆ ملت بشکێ ئێستا نەکوڵاوە. هەر کە دایکی ئەمەی وت، حیسام نەیکردە نامەردی سینیە فەخفوری هەڵگرت و دای بە عەرزا، هەمووی ورد و هەراش کرد بە سەر یەکا.

لەم کاتەدا کاک سابیری برای حیسام هاتەوە،، کە سەیری ۆرد ماڵەکە شڵەژاوە و لە دایکی پرسی ئەمە چییە و چوو بەلای ڕادیۆنەکەوە، دایکیشی کارەساتەکەی بۆ گێڕایەوە، ئەمیش لەمە توڕەتر بوو، هەر هەڵیگرتە ڕادیون و دای بە زەویدا و شکانی، وتی: دیارە ئەم هەتیوەی برام شێتە. پاش ماوەیەک وەستام هاتەوە بە سەرا و ئەمیش پرسی ئەم هەرایە چییە؟ وەستا ژنم کارەساتەکەی بۆ گێڕایەوە، ئەویش سەعاتەکەی لە گیرفانی دەرهێنا و دایە بەر ڕۆژەکەی و سەیری کرد وتی: خۆ هێشتا نیو سەعاتی ئەوێ بۆ نیوەڕۆ، دەستی کرد بە جنێودان بە منداڵەکان و ئەمیش لە ڕقانا سەعاتەکەی هەڵگرت و دای بە دیوارەکەدا سەعات هەراش هەراش بوو. وەستا ژنیش - یا حەلیم - کە ئەمەی دی سەرسام بوو و لەبەر خۆیەوە وتی: بۆم دەرکەوت کە ئێوە هەمووتان شتێن، نەیکردە نامەردی مەنجەڵە یاپراخی هەڵگرت و قڵپی کردەوە ناو حەوزەکە! هەر من مامەوە، منیش لە داخی ئەمانە و لە داخی برسێتی دەستم کرد بە سووڕان و چەقەنە لێدان و هاتمە دەرەوە.