کابرایەک هەبوو لە سەی سادق دۆم بوو ژنێک...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  610 بینین

کابرایەک هەبوو لە سەی سادق دۆم بوو، ژنێکی هەبوو هەر جارە کە لێی توڕە ئەبوو بەو هەمانەیەی کە شوێنی شتومەکی بوو دەستی ئەکرد بە لێدانی، ژنە زیڕەی ئەچوو بە ئاسمانا و هەر هاواری ئەکرد، وەکوو تەرزە فرمێسک ئاو بە چاویا ئەهاتە خوارەوە، خەڵک و خوا ئەچوون بە سەریا و دەستیان ئەکرد بە لۆمە کردنی ژنەکە و ئەیانوت: کچێ خوا بتگرێ! هەمانەیەکی بۆش و خاڵی چییە وا تۆ ئەوەندە لە بەری ئەکەویتە هاوار هاوارەوە! ئەویش ئەیوت: کوڕە! من مشتووی ناو هەمانەکە کوشتوومی! تومەس ئەمە کابرا مشتووەکەی ئەخستە ناو هەمانەکەوە، بەوە لێی ئەدا، لە خەڵکیش وایە ئەمە هەمانەیەکی بۆشە، بەڵام هەر ژنەکە دەردی ئەزانی و ئەیزانی چی تیایە؟!