کابرایەک لەو ئالانە باخێکی هەبوو باخەکە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  640 بینین

کابرایەک لەو ئالانە باخێکی هەبوو، باخەکە چەند دار گوێزێکی تێدابوو، کابرا ڕۆژێک سەیری کرد توێکڵە گوێزێکی زۆر کەوتووە، بەڵام کەمبوونەوەی گوێزەکە لە چاوو توێکڵەکە گەڵێ زیاترە، بۆی دەرکەوت کە ئەمە ورچ پێی فێر بووە، بە تایبەتی کە گوو ورچی لە ناو باخەکەدا بەر چاوو کەوت ئیتر هیچ گومانی نەما.

چوو چەند کەسێکی هێنا و خۆیان لێی داگرت، شەوێک سەیر ئەکەن ئەوا ورچێک بە سەر دار گوێزەکەوە خۆی مات داوە، دەروێشێکیش لەو لاوە کۆڵێکی باشی داگرتووە و دایناوە. مانگەشەوە بۆیان دەرکەوت، وەکوو چۆن ورچە فێر بووە دەروێشەکەش هەر بەو جۆرە فێر بووە، دەروێشیان گرت و دەستیان کرد بە لێدانی کام لات دێشێ؛ جا دەروێشەکە ئەیوت: ئاخر موسڵمانەکان، تۆزێ ڕەحمتان هەبێ، من لەو ورچە کەمترم وا لە من ئەدەن و لەو نادەن. کابرای خاوەن باخیش ئەیوت!: باوە حیز! ورچە فەقیرەکە ئەخوات و ئەڕێت، تۆ ئەخۆیت و ئەبەیت.