لە وڵاتی کۆیە کوێخا حەوێزی شاخە پیسکە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  750 بینین

لە وڵاتی کۆیە کوێخا حەوێزی شاخە پیسکە هەبوو. ڕۆژێک هەر وا پاش عەسرێک لە گەڵ مەلای گوندەکەدا کە مەلا نەبی ناو ئەبێ و گوندەکەش شاخە پیسکە ئەبێ، دائەنیشن و لە هەموو سۆچێکەوە قسە ئەکەن، بێ تاقەت ئەبن و دێنە سەر ئەوەی ئەڵێن با ژنی پاک و پیس لێک بکەینەوە.

کوێخا حەوێز ئەڵێ: مەلا نەبی چاڵێکی بچکۆلە لە بەر دەمی خۆت هەڵکەنە و هەندێ وردە بەرد بگرە بە دەستەوە، من هەر ژنێکی خراپم پێ وتی، تۆ بەردێک بخەرە چاڵەکەوە، هەر ژنێکی چاکیشم پێ وتی، لە باتی ئەویش بەردێک لەم لاوە دانێ، لە پاشا ئەیانژمێرین بزانین پاک زۆرترە یا پیس! مەلا نەبیش ئەڵێ: باشە.

چاڵ و بەرد ئامادە ئەکەن و ئەکەونە هەڵدان. کوێخا حەویز ئەڵێ: ئایشە و فاتمە پاک بوون، دوو بەرد لەو لاوە دانێ. مەلا نەبی دایئەنێ، پوورە خەجێ خراپ بوو بەردێک ئاوا کەرە چاڵەکەوە، پیرۆزی خوشکم خراپ بوو بەردێک ئاواکە، دایکم باش بوو، بەردێک لەو لاوە دانێ، باجی گوڵە خراپ بوو بەردێک ئاوا کەرە چاڵەکەوە. سەرە دێتە سەر دایکی مەلا نەبی، کوێخا حەوێز ئەڵێ: دایکت خراپ بوو بەردێک ئاواکە! مەلا نەبی ئەڵێ: کوێخا حەوێز! بە دایکی من! چۆن وا ئەڵێی؟ ئافرەتێکی چاک بوو. کوێخا حەوێز ئەڵێ: ئاوا کە پێت ئەڵێم ئاوای کە. مەلا نەبی ئەڵێ و کوێخا حەوێز ئەڵێ، لە ئەنجاما کوێخا حەوێز ئەڵێ: مەلا ئاوای کە هەر خۆم سئێ جارم وا لێ کردووە.