کابرایەکی نایسەری دڵی بە ژنی کابرایەکی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  711 بینین

کابرایەکی «نایسەری» دڵی بە ژنی کابرایەکی «زەنان»یەوە ئەبێ، زەنان دێیەک لە ژاوەڕۆ، هەموو جار هاتوو چۆی زەنانی ئەکرد و بە تەوای بۆی ڕێ نەئەکەوت لەگەڵ یارەکەیا یەک بگرن.

ڕۆژیک ژنەکە بە کابرای دۆستەی وت: ئەگەر ئەتەوێ پێکەوە بنووین و مێردەکەشم لە ماڵەوە بێ، سبەینێ بچۆ نێرەکەرێک بێنەرە ئاوایی و بڵێ ئەیفرۆشم بە یەکێک، مێردەکەشم زۆر حەزی لە نێرەکەر ئەکا بۆ کاروان، ئەو وەختە من چاری ئیشەکە ئەکەم.

کابرا بۆ سبەینێ نێرەکەرێکی پەیدا کرد و هێنایە ئاوایی و وتی: ئەم نێرەکەرە ئەفرۆشم، کابرای مێردی ژنە چوو بە لایەوە زۆر دڵی پیا چوو و وتی: بە چەندی ئەدەی؟ کابرا وتی: برا بەبێ چەند و چوون ئەیدەم بە پێشی ژنێک. کابرا هاتەوە بۆ ماڵەوە و کارەساتەکەی بۆ ژنەکەی خۆی وت، ژنە وتی: کوڕە ئاسانە، تۆ بیهێنە، منیش ئەچم کوزەکەی دایە خەرامانی دراوسێمانی بە ئەمانەت دێنم و ئەیدەمێ و نێرەکەرەکەی لە دەست دەر دێنین. کابرا وتی: «یانەت وێران بۆ پەیو زیرەکیت».

چوو کابرای کەرفرۆشی بەکەرەکەوە هێنایە ماڵەوە و ژنەکەشی چوو هینەکەی دایەخەرامانی هێنا. لەگەڵ کابرای کەر فرۆش پێکەوە نوستن و بە مێردەکەشی وت: لەو دیودی دەرگاکەوە دانیشە ئاگات لە نێرەکەرەکە بێ نەوەک بڕوا. ئەمان دەستیان کرد بە ئیش و ئەویش لەو دیوەوە لە درزی دەرگاکەوە سەیری ئیشەکەی ئەمانە ئەکرد. کابرا مێردە برایەکی هەبوو لەو کاتەدا هات و لە مەسەلەکە تێگەییشت پێی وت کە واتە چاک سەیر بکە نەوەک کابرا لێی تێک بچێت. مێردە وتی: زۆر بە پارێز سەیر ئەکەم و دڵ و چاوم تێ بڕیوە، بەڵام ئەم کابرایە وا بە توندی تێی ئاخنیوە و جووتی کردووە نە ئەوەی ئێمە دیارە نە ئەوەی دایە خەرامانی دراوسێمان. مڵەماش بڕیاکەن. مەزانۆ چێش کەرۆ؟