کابرایەکی سەرجوقەی کرندی بە ماڵەوە بە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  602 بینین

کابرایەکی «سەرجوقەی کرندی» بە ماڵەوە بە هۆی فرمانی میریەوە ئەکەوێتە «کەریماوا»ی سەقز و چەند ساڵێک لەوێ ئەمێنێتەوە، دۆست و ناسراو پەیدا ئەکا، کابرایەکی بەرگدووریش لە کەریماوا هەبوو ناوی «تەقی» بوو. تەقی لەگەڵ خانمی سەرجوقەدا دەستیان تێکەڵاو کردبوو. ڕۆژێک سەر جوقە وتی: «خانم! سەرجوقیەکی وڵاتی خۆمان هاتووە، ئەمەوێ بە ناوی ئەوەوە بانگێشتنێک بکەم و چەند کەسێک لە دۆست و ناسراوەکانی کەریماواش بانگ بکەم، لە بەر ئەوە نانێکی باش دروست بکە». خانم وتی: بەڵێ باشە، بەڵام تەقی بەرگدرویش هەر دۆستمانە ئەویش بانگ کە، سەرجوقە وتی: بەڵێ.

خانم نانێکی پوختی دروستکرد و سفرە ڕاخرا، سەرجوقەی میوان و میوانەکانی تر و تەقی خەیات هەموو نانیان خوارد، پاش نانخوارد تەقی خەیات خۆی دزیەوە و چوو لەگەڵ خانمدا دەستی کرد بە بەزم و ئاهەنگ. سەرجوقەی مێردی خانم هەستی کرد، هەستا چوو بە شوێنیا، کە سەیری کرد وەکوو چۆن لە دڵی خۆیا وتبووی، وابوو، پەلاماری تەقی بەرگدروی دا کە بیگرێ، هیچ شوێنێکی تری نەهات بە دەستەوە تەنها دەعباکەی نەبێ، ئەویش لەبەر ئەوە تەڕ و لوس بوو بۆی نەگیرا. تەقی ڕایکرد و سەر جوقە بە شوێنیا تا گەییشتە بەر دەرگای حەوشە هەر بۆی نەگیرا، ناچار لە بەر عەیبە گەڕایەوە، کە گەڕایەوە سەیر ئەکا خانم ناوچاوی داوە بە یەکا و قسەی لە گەڵا ناکا. ئەمجا وتی:«خانم! من چ نافەرمانێکم کردووە وا بەو جۆرە بێ لوتفیت لە گەڵما؟ وەکوو فەرمووت تەقی خەیاتم بانگ کرد، نانی چەور و قەڵەوم دایە بۆ ئەوەی بەهێز بێت، جەنابیشت لەگەڵی درووست بویت، من گورزەکەیم بە دەستی خۆم پاک کردەوە، لە خزمەتیا چووم بەڕێم کرد تا بەر دەرگای حەوشە، ئەگەر سوچێکم هەیە فەرموو بیڵێ تا نەیهێڵم، ئەگەر خزمەتێکی ترت ماوە بفەرموو تا بە ئەنجامی بگەیەنم؛ ئەگینا ئەم بێ لوتفیتە بۆ چی؟»