ئاغایەکی ئەو سەرە باخەوانێکی غەریب لە دێ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 4 خولەک  623 بینین

ئاغایەکی ئەو سەرە باخەوانێکی غەریب لە دێکەی خۆی بۆ باخی ناو کۆشکەکەی ڕاگرتبوو. باخەوانەکە ژنێکی جوانکەلانەی ژیکەلانەی هەبوو. ئاغا دڵی پیا چووبوو. ڕۆژیک ئەچێ بە لایەوە دەستێکی بۆ ئەبا. ژنە هیچ دەنگ ناکاو ئیوارێ بۆ مێردەکەی ئەگێڕێتەوە، مێردەکەش ئەڵێ: قەیناکا بەڵام بەیانی من کە ئەچم بۆ ئاودێری باخەکە تۆ چەند نۆردووە نانێک و «جەوەنە» یەکی «دۆ» بێنە و وەرە بۆ لام، لەبەر پەنجەرەی کۆشکی ئاغادا چاوەڕێم بکە.

کابرای باخەوان ئەچێ بۆ سەر ئیش و ژنەش بەو جۆرە کە مێردەکەی پێی وتووە لە دەمە دەمی هەتاو کەوتنا ئەگاتە جێ، مێردەکەی دێت و هەردووکیان لەبەر پەنجەرەی کۆشکد لێ دائەنیشن.

لەولاوە خانمی ئاغا ژن لە ناو کۆشکەکەدا پەنجەرەکەی کردووەتەوە، بەیانیە سەیری ئەو باخ و بێستانە ئەکا و چاوی بە باخەوان و ژنەکەی ئەکەوێ. کابرای باخەوانیش کە سەیری کرد وا خانم خەریکە سەیر ئەکا هیچ خۆی نەخستە سەر ئەو دارەتانە کە کەس چاوی لێیانە، لە پێش ئەوەدا کە نانەکە بخوا هەستا چوو بە لای ژنەکەیەوە لە ڕوومەتی مینای و لە کارگی کەمای بەشی خۆی وەر گرت و ئەمجا دەستیان کرد بە نان و دۆ خواردن، تێر و پڕیان خوارد و پاش ئەوەش جارێکی تر لەگەڵ ژنەکەیا ئاوی ژیانیان نۆش کرد. ئەمجا هەستا چووە بۆ سەر ئاودێرەکەی و بە ژنەکەشی وت بچێتەوە بۆ ماڵەوە پیشی وت ئەگەر خانم لێی پرسی، ئەم پێ بڵێ کە ڕۆژی سێ جار ئەمە ئیشمانە.

لەو لاوە خانم لە سەر کۆشکەکەوە چاوی لەم کارەساتەی ئەمان ئەبێ. لای نیوەڕۆ دێتە خوارەوە ئەچی بە لای ژنە باخەوانەکەوە پێی ئەڵێ: ئەرێ چەتیو! ئەوە ئێوە چۆلەکەن وا بەو جۆرە خەریک ئەبن؟ ژنەش پێی ئەڵێ: خانم ئەوە چییە؟ ئێمە بەیانی و نیوەڕۆ و ئیوارە بەو جۆرە دوو دوو ئەکەین.

ئاغا ژن لە دڵی خۆیا زۆر تووڕە ئەبێ، ئیوارێ کە ئاغا دێتەوە ئەچێ بە لایەوە و پێی ئەڵێ: بەزیاد نەبێ لەم ڕابواردنە کە ئێمە هەمانە! ئەو باخەوانە بەو نان و دۆ خواردن لە گەڵ ژنەکەیا بە هەموو جۆر گەمە و گاڵتە ئەکەن و بە هەموو جۆر ڕایئەبوێرن، ئێمە لە سەر ئەم هەموو ناز و نیعمەتە - خوا بیبڕێ - هیچمان دیار نییە. سوێندم وا بێ و قورئانم وا بێ یا ئەوەتا ئەبێ تۆیش وا بی یا ئەمەتە ئەبێ تەڵاقم بدەی. من ئەمە کەی ژیانە من ڕای ئەبوێرم؟ ئاغا وەکوو لە سەربان بیخەنە خوارەوە ئەڵێ: ئافرەت ئەمە تۆ خەوت دیوە؟ ئەمە چی ئەڵێیت و لە کەیەوەوە وات لێ هات؟ خانم ئەڵێ قسەیەکە و نەبووە بە دوو هەر ئەوەیە کە پێم وتیت.

لە پاشا وەکوو پەند و چۆن و سەوا کردن ڕێ ئەکەون کە ئەمیش لە شەو و ڕۆژێکدا سێ جار لەگەڵ خانمدا ئەم ئیشە خۆشە بکەن.

دەست لە دەست و قوەت لە خوا ئەو شەوە بە هەر جۆر بوو تا بەیانی دوویان کرد. وتی: ئافرەت یەکێکی با قەرز بێ بەسەرمەوە.

کە کەوتە ڕۆژی سێیەم باخەوانەکە بە ژنەکەی خۆی وت: هەستە جوان و پوخت خۆت بڕازێنەوە بچۆ بە لای ئاغامەوە. ژنەش وەکوو مێردەکەی پێی وتبوو خۆی کرد بە گوڵی ئاڵ و واڵای بەهار بە لەنجەو لارێکەوە چوو بە لای ئاغایەوە و خۆی تێ هەڵسوو. ئاغا سرکەیەکی کرد و وتی: «بچۆ بەو لاوە بێفەڕەی ژان بە خەڵکی کەرە، ئەو وەختە قەرزار نەبووم نەئەهاتی بە لامەوە، ئیستە کە بووم بە ژێر قەرزەوە خۆتم تێ هەڵئەسوی، هەستە بڕۆ هەستە داوێکی ترم بۆ مەنێرەوە».

ژنە هاتەوە کارەساتەکەی بۆ مێردەکەی گێڕایەوە، مێردە وتی: «ئاغا گیان، ئاوا چارت ئەکەم».