دوکتۆر کاوس قەفتان گێڕایەوە وتی ئاغاوات...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  685 بینین

دوکتۆر کاوس قەفتان گێڕایەوە وتی:

ئاغاواتی شیوەگەلی و پشدەری دوژمنایەتیان هەبوو. دوایی بۆ ئەوەی ئاشت ببنەوە ئاغایەکی پشدەری حەمە ڕەشیا ئاغای «نۆرگ» بانگ ئەکات. حەمە ڕەشیاغا برایەکی شێتۆکەی ئەبێ «سمایلاغا»ی ناو ئەبێت، زۆر لە کاکی ئەکا، کە نەچن بۆ ئەو بانگکردنە، چونکە تەڵەیە بۆیان نراوەتەوە، ئەوانیش گاڵتەیان بە قسەی شێتۆکەیەکی وەها دێت و ئەڕۆن.

لە ڕاستیشدا پشدەرییەکان نیازیان خراپ بووە. شتەکەشیان وا داناوە کە کاتێک حەمەڕەشیاغا ئەچێت بۆ نوێژ، یەکی لە پیاوەکانی ئەمان شەڕ بە پیاوێکی ئەمان بفرۆشێت. کە حەمە ڕەشیاغا و پیاوەکانی بگرن و باڵبەستیان بکەن.

دەستەی حەمە ڕەشیاغا کە ئەچن و لە ژێر کەپردا دائەنیشن بە خیرهاتنێکی زۆر ئەکرێن، هەموویان تفەنگەکانیان دائەنێن، تەنیا سمایلاغا نەبێ کە لە سەر کۆشی دایئەنێت. ئەوانیش سمایلاغا ئەناسن و سڵێ لێ ناکەنەوە و بە هیچی ئەزانن. حەمەڕەشیاغا ئەچێ بۆ نوێژ و لەو کاتەدا دەنگی پیاوەکەی ئاغای پشدەری بەرز ئەبێتەوە وەکوو دانراوە. ئاغای پشدەری خێرا فەرمان ئەدا: ئادەی هەموویان دەست بەست بکەن. لەم قسەیەدا ئەبێت و ئەیەوێ هەستێ ئەگاتە سەر چۆک و ناگا سمایلاغا لولەی تفەنگی ئاراستەی ئەکات و ئەڵێ: «سێ بە سێ تەڵاقم کەوتبێ هەستی ئەتکوژم، دانیشی ئەتکوژم» کابرا وەکوو قوتەی مل نێرکە کاردوو بەو جۆرە وشک ڕائەوەستێ.

جارێ حەمەڕەشیاغا و بەم جۆرە ڕزگاریان ئەبێت، ئەمجا ئەمێنێتەوە سەر سمایلاغا و کابرا. سمایلاغا لولەی تفەنگی ئاراستەی کردووە. کابرا نە ئەوێرێ هەستێ، نە ئەوێرێ دانیشێ، قوت لەو ناوەدا بۆ خۆی لەسەر نیمچە چۆک وەستاوە، هەر بجوڵێتەوە سمایلاغا ئەیکوژێ، تەنگوچەڵەمە لێرەدا ڕووی دا سمایلاغا تەڵاقی خواردووە، ئەم تەڵاقەی ئەم وەختێ ناکەوێ کە کابرا یا هەستێ یا دانیشێ، ئەم بیکوژێ. کابرایش ئەوا هەر بەو جۆرە ماوەتەوە. قاچی شل ئەبێ، هەندێ تەختەو شت ئەدەنە ژێر کابرا بۆ ئەوەی دانەنیشێ، چونکە کە دانیشت سمایلاغا ئەیکوژێ، سمایلاغاش لەبەر تەڵاقەکەی خۆی وشک بە تفەنگەوە ڕاوەستاوە دەستی لەکار دایە.

ناچار پەلاماری مەلا سولەیمانی ماوەت ئەدەن کە چارێکیان بۆ بدۆزێتەوە بە جۆرێک نە تەڵاقەکەی سمایلاغا بکەوێ و نە کابراش بکوژرێ. مەلا سولەیمان کە دێت لە پاش تێفکرین فەرمان ئەدا بە چوار زەلام پەلی کابرا بگرن بە جۆرێ کە ڕاست نەبێتەوە و نەشکەوێتە سەر عەرز و لە سەر گازی پشت ڕایکێشن بە سەر عەرزەکەدا، ئەمە لەم کاتەدا دیارە پێی ئەوترێ نە هەستاوە نە دانیشتووە، بەڵکو ڕاکشاوە.

زەلامەکان لە سەر دەستوورەکەی مەلا سولەیمان کابرا وا لێ ئەکەن، ئەمجا بە سمایلاغاش ئەڵێ دەتۆش تفەنگەکەت لابە. بەم جۆرە مەلا سولەیمان کابرای لە مردن ڕزگار کرد و تەڵاقی سمایلاغاش نەکەوت.

بەڵام کابرا تا ڕزگاری بوو، کاتێ سەیریان کرد هەموو لەشی خۆی دابوو بە گووەوە. بە کوردی گووی کردبوو بە خۆیا. یەکێ لە ترسی ئەوە کە سمایلاغا دەستی لە کارایە و شێتیشە کوشتی؛ یەکێ لە بەر ئەوە کە کە تا مەلا سولێمان هاتبوو زۆری پێ چوو بوو.

بەڵێ لە بەر ترس لەو ماوەیەدا هیچی پێ نەخورا بوو، بەڵام هەرچییەکیشی پێ بووفیڕاندبووی بە خۆیا.