ئینگلیزەکان تازە هاتبوونە عیراقەوە ڕۆژێ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  752 بینین

ئینگلیزەکان تازە هاتبوونە عیراقەوە، ڕۆژێک ئینگلیزێک لە کەرکووک ئەچێتە بازاڕ، ئەگەڕێ بە شوێن لاستیکی کێردا، ئەچێتە هەر دووکانێک لە شتی وا ئەپرسێ کەس لێی تێ ناگا؛ بە تایبەتی ئەو سەردەمە کورد لە شتی وای هەر نەیئەزانی. پیاوێکی خەڵکی ئەو ناو «شوان»ە هەبوو ڕەحیمی ناو بوو، دوکانیکی عەتاری باشی لە کەرکووک دانابوو، کابرای ئینگلیز ئەچێتە سەر دووکانەکەی ئەو لەو شتە ئەپرسێ، نە ڕەحیم ئینگلیزی ئەزانی نە ئینگلیزەکەش کوردی ئەزانێ.

کابرای ئینگلیز هەر چەندە بە ئیشارەوە و بە دەست لەگەل ڕەحیمدا خەریک ئەبێ ڕەحیم هیچی لێی تێ ناگا، لە ئەنجامدا کابرای ئینگلیز دەست ئەبا نەوتێکی پێنج ڕوپیەی دەردینێ لە بەردەمی ڕەحیمدا دایدەنێ، ئەنجا دەست ئەبا بەنەخوێنەکەی خۆیشی ئەکاتەوە و کێری دەردێنێ و بە ئیشارە، ئیشارە ئەکا لاستیکم بۆ ئەمە ئەوێ. ڕەحیمیش هەر لە بناغەدا ئەم جۆرە شتانەی نەبیستووە تا لە ئیشارەی کابرا تێبگا، بەڵکو وا ئەزانێ ئەم کابرایە پێی وەرە گرەو بکەین لە سەر پێنج ڕوپیە بزانین کێری کاممان زلترە.

ئەویش دەست ئەبا بەنەخوێنەکەی خۆی ئەکاتەوە و کێری خۆی دەردێنێ. هی کابرا ئەپێوێ هی خۆیشی ئەپێوێ، هینەکەی ئەم دوو پەنجەی زیاتر ئەبێ لە هی کابرای ئینگلیز، ئیتر بە بێ قسە دەست ئەبا پێنج ڕوپیەکە هەلئەگرێ و ئەیخاتە باخەڵی و بەنەخوێنەکەی ئەبەستێتەوە. کابرای ئینگلیز واقی وڕ ئەمێنێ هیچی تری بۆ نامێنێتەوە تەنها ئەوە نەبێ ملی ڕێ ئەگرێ و ئەڕوا.