لە گەڵاڵە پیاوێک هەبوو هەرچەندە حەسەنی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  730 بینین

لە گەڵاڵە پیاوێک هەبوو هەرچەندە حەسەنی ناوبوو، بەڵام هەر بە ناوی «خادم» ەوە ناوی دەرکردبوو. ئەم خادمە لەو ناوە تووتن و شتی ئەفرۆشت. ڕۆژێک کۆلکە ئاخونێکی وڵاتی «قوم» کە هاتبوو بۆ «نەجەف» و لەوێوە ئیتر فێری ئەوە ببوو کە ببێ بە گەڕیدە و داوای شتی لە خەڵک ئەکرد. بەو بۆنەوە ئەم ئاخون ئاغایە ڕێی ئەکەوێتە گەڵاڵە و لەوێش ئەچێتە لای خادم بە ناو هەندێ تووتنی لێ ئەکڕێ. لە پاشا ئەڵێ: دە هەندێکی تریشم بدەرێ «لە سەر کیسەی عەباس»ئەم عبارەتە شتێکە کۆلکە مەلاکانی شیعە دەرۆزەی پێوە ئەکەن. مەبەستیان لە عەباس، عەباسی مامی پێغەمبەرە، واتە لە سەر حسابی ئەو ئەو شتەم بدەرێ، ڕۆژی قیامەت ئەو ئەتداتەوە!

کە ئەمە بە خادم ئەڵێ خادمیش خۆی لێ گێل ئەکا، کە ئەم وردە حسابانە نازانێ، وەیا لە وڵاتی ئەوانا ئەم جۆرە شتە باوی نییە. ئەڵێ: با عەباس خۆی بێت جگەرەیەکی لێ تێکا ئەگەر بە لایەوە خۆش بوو ئەو وەختە بۆی بەرە.

کابرای ئاخونیش ئەڵێ تۆ بمدەرێ دەخڵت نەبێ. وەری ئەگرێ. خادمیش ئەڵێ: بەخوا نایدەم بەڵکو بە لایەوە خۆش نەبوو و دایەوە بە سەرما. ئاخون ئەکەوێتە تەقەوە لە ڕووی هەڵنایە بە سەر و مێزەرەوە کەش و فشێکەوە بڵێ من سواڵت لێ ئەکەم. خادمیش ئەزانێ دونیا چ باسە، هەر بەمجۆرە ئاخون لە کۆڵ ئەکاتەوە و پەلکێکی ناداتێ.