مام ڕەسوو هەبوو لە مەروێ ئەسپێکی کەحێل...
مام ڕەسوو هەبوو لە «مەروێ» ئەسپێکی کەحێلەی نایابی هەبوو ناوبانگی دەرکردبوو کەلە «عەنزە» یە، لە وڵاتانەوە ماینیان ئەبرد و لێیان چاک ئەکرد.
عەزەی سولەیمانیش هەبوو بەناوبانگی ئەسپە کەحێلەی مام ڕەسووەوە سوار ماینێکی هەبوو سواری بوو چوو بۆ مەروێ بۆ ئەوە لە ئەسپەکەی چاک بکا. کە چوو سەیری کرد مام ڕەسوو پیاوێکی پیری گەلێ بەساڵاچووە و ناوو نیشانێکی لە زەمانی جوانی نەماوە، لە حەوشەکەی خۆیانا لە پەنا دیواریکی بەر هەتاوەکە لێ ڕاکشاوە.
عەزە لە پاش سەلام و دانیشتن و چاک و چۆنی پێی وت: مام ڕەسوو بەناوبانگی ئەسپە کەحێلەی تۆوە لەبەری دەشتە تاڵەوە هاتووم، نابێ دەست بنێ بە ڕوومەوە.
مام ڕەسوویش وتی: کاکە بەخێر بێیت! بەڵام ئەو ئەسپەی کە تۆ ناوبانگت بیستووە ئیستە لە بەر پیری پەکی کەوتووە و هیچی پێ نەماوە، بڕوا ناکەم بتوانی کەڵکی لێ وەربگری.
عەزە وتی: مام ڕەسوو من لە ڕێگایەکی دوورەوە هاتووم، ئەگەر تۆ ڕات لە سەر بێ من ئەتوانم ئیشێکی وای لێ بکەم بتوانم ماینەکەی لێی چاک بکەم. مام ڕەسوویس وتی برام کەیفی خۆتە.
عەزە هەستا ئەسپەکە لە پەنا دیوارێکا بەسترابووەوە. زۆر لات بوو، هێنای دەستی کرد بە «ڕەنەو قاشاو» کردنی. پاشان بە «ڕەنە» کە کەوتەلا تەڕافە و دەورووبەری ژێر سکی، تا وای لی کرد ئەسپە بە هەر جۆر بوو یەڕەقی کرد و مایینەکەی بۆ هێنایە پێشەوە و پەڕاندی، ئیش تەواو بوو، ماڵاوایی کرد و گەڕایەوە بۆ وڵات. حەقیقەت ماینەکە ئەو ساڵە «نۆما» کەوەیەکی باشی لە ئەسپە کەحێلە هێنا.
مام ڕەسوو ژنێکی هەبوو «خافاتمی» ناو بوو. لە زەمانی «عەلی ئیحسان پاشا» وە هێنابووی هەرچی دەوری جوانی بوو هەر لەو دەورەدا ڕایانبواردبوو؛ لە ئاهەنگی دنیا تەنیا گێڕانەوەی باس و خواسی بەزمی شەوانی ڕابردووی دەوری جوانی نەبێ هیچی تریان پێی نەمابوو.
خافاتم لەو وەختەدا کە عەزە ڕنەوقاشاو خەریکی ئەسپە کەحێلە بوو، لە دەلاقەی ژوورەکەوە چاوی لێ بوو، کە چۆن ئەسپە کەحێلە دەوری ساڵانی ڕابردووی بۆ هێنرایەوە، ئەمەی بە دیارییەک زانی لە دیارییەکانی زەمانی ڕابردووی.
زەمان هێنان و بردی، کوڕێکی «زاخە» یی لە وڵاتی بەغدا لە بۆیاغچیەکەیا «فڵچە» یەکی بۆیاغچەتی تیا بوو، فڵچە ئەوەندە ئیشی کردبوو تەنها کۆتەرەکەی مابۆوە، وای لی هاتبوو لە دڕکی دەشتەتاڵ خراپتری لێ هاتبوو.
خافاتم ڕەنە و قاشاوەکەی عەزەی کەوتە بیر بە هەر جۆر بوو فڵچە کۆنی لە کابرای بۆیاخچی بە یەکێ لە تاکە تارانییەکانی تەوقە سەری کڕی و قایمی کرد.
لە پاش بەینێک بە کۆتەرە فڵچەوە هات بە ویزەی لاڕان و دەوری بەری لاڕانی مام ڕەسوودا، تا وای لێ کرد دەورێکی بۆ مام ڕەسوو گێڕایەوە و بە یادی جاری جارانەوە دەستیان کردە ملی یەک. ئیتر خافاتم بەم جۆرە فێربوو بە مام ڕەسوو.
ساڵ سوڕایەوە، عەزە بە دەستووری ساڵی پار و بە ئەلهای نۆمایکی تر لە توخنی ئەسپە کەحێلەوە بارێ گەزۆ و بنێشتەتاڵی نا لە ماینە بۆرە و چووەوە بۆ «مەروێ» بۆ ماڵی مام ڕەسوو. کە چوو سەیری کرد مام ڕەسوو، ئەو مام ڕەسووە نەماوە؛ بۆ ئاهی سوێن نوزەیەکی تیا ماوە، بە تەواوی کفت بووە، ناتوانێ لە شوێنەکەی خۆی ڕاست بێتەوە.
عەزە باریدا بە زەویا و خافاتم بە خێرهاتنێکی گەرمی کرد و خێرا کەوتە نان دروستکردن بۆی. چوو لە تەنیشت مام ڕەسووەو دانیشت. مام ڕەسوو نەیناسیەوە، پرسی فاتە ئەوە کێ بوو هات و ئەو زرمەی وڵاخە چی بوو هات؟ خافاتمیش وتی: ئەوە کاکە عەزیز بوو گەزۆ و بنێشتەتاڵی بۆ هێناوین.
مام ڕەسوو دەستێکی خستە سەر چاوی و سەیرێکی عەزەی کرد و ناسییەوە. بە نوزەیەکەوە وتی: «ئەرێ باوە حیز ئەوە تۆ لە بابەکەی پاریت هاتوویتەوە؟ بکەم وە قونی بابتەوە بۆ خۆت و گەزۆ و بنێشتەتاڵت. پار فرفریچەی دەستە بووخچەت بۆ هێنابووم ئەم ساڵ چیت بۆ هێناوم؟ بە تەما نیت بە فێڵیکی تر ئیمساڵیش خافاتم بخەیتە سەر بەزمیکی تر؟! هەستە بڕۆ. نە خۆم هیچم پێ نەماوە، نە ئەسپە کەحێلە؛ هەستە بڕۆ».