هەژار گێڕایەوە وتی لە وەختی خۆیا هەندێک...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  809 بینین

هەژار گێڕایەوە وتی:

لە وەختی خۆیا هەندێک مەراغەیی ئەچن بۆ حەج. کە ئەگەنە وڵاتی عەرەبستانی ئەو خوارە بە کاروانی حوشتر ئەچن. لە ڕێگادا یەکێ لە حوشترەکان ئەکەوێ دەستی ئەدەنێ کە ڕاستی کەنەوە، لەو کاتەدا کە دەستی ئەدەنێ ئەڵێن: «یا عەلی!». کابرای حوشترەوان ئەڵێ: ئای ئەوە ئێوە کافرن؟ وەڵڵا دەسا ناتانبەم. ئەمانیس ئەڵێن وەڵڵا برا کافر نین و موسڵمانین. بەهەر جۆر بێ کابرای حوشترەوان ساز ئەکەنەوە ئەمجا دەست ئەبنەوە کە حوشتر ڕاست کەنەوە دیسانەوە ئەڵێن:«یا عەلی!» ئیتر کابرای حوشترەوان بە تەواوی ئەچێ بە ڕقا و ئەڵێ ئێوە کافرن قەت ناتانبەم.

ئەمانیش پیاوێکی ئیختیاری کۆنە ساڵیان تیا ئەبی کە ئەزانێ ئیش وا بەو جۆرە خراپ هاتووە و لەو دەشتەدا گیریان خواردووە ئەڵێ: «ئەرێ خزمینە با بڵێن یا ئەڵڵا خۆ کافر نابین». بەم فێڵە کابرای حوشترەوان لە گەڵیان ڕێ ئەکەوێتەوە.