مەلا سمایلی کانیسکانی سولەیمانی هەبوو وت...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  658 بینین

مەلا سمایلی کانیسکانی سولەیمانی هەبوو وتی:

ساڵێک چوومە کەرکووک لە قوریەوە هاتم بچم بۆ بەری «قەڵا»، سەیرم کرد لە گۆشەیەکی پردەکەی «خاسە» وە هەراهەرایەک دێت، کە چاک سەیرم کرد ئەمە لە ژێر پردەکەوەیە و پیاوێک و کوڕێک دەستیان داوەتە یەخەی یەک و ئەو شوێنەش کەسی تری تێدا نییە. منیش ئەو سەردەمە کڵاوێکی سپی و مێزەرەیەکی سپیم دابووە دەوری و لە سەرم کردبوو لە شتێک ئەچووم، کوڕەکە دەستی کابرای ڕاکێشا و هاتن بۆ لای من، ئیتر بە بێ ئەوە هیچ شەرم بکەن کورەکە وتی: با ئەم پیاوە موبارەکە شەرعمان بکا. منیش لە خەیاڵی خۆما وامزانی مەسەلەیەکی شەرعییان هەیە و وتم کوڕم چییە؟ کوڕە وتی: قوربان ئەم کابرایە پێی وتم نیو مەجیدیم بداتی و ئیشی خۆیم لە گەل بکا، هاتینە ئەم شوێنە وتمان شوێنێکی چۆڵە و لە ڕاستیشدا چۆڵ بوو کەسی تر نەهات هەر من و ئەو بووین. کە چاوم بە حەیتەکەی کەوت پێم هەڵنەگیرا. بەڵام هێناومیەتە ئەم شوێنە و بە عەزیەتیش هاتووم، ئێستا هەر چەندە ئەکەم نیو مەجیدییەکەم ناداتێ، جەنابت شەرعمان بکە، هەر چی تۆ بفەرمویت من ڕازیم. وتی: منیش ئەم شەرع کردنەم بەلاوە سەیر بوو بۆیە وتم: «باوکم لە باپیرم و باپیرم لە باپیرە گەورەم و باپیرە گەورەشم لە ئیمامی «موزەنی» و ئەویش لە ئیمامی «شافعی» یەوە ڕیوایەتێک ئەکا، کە ئەگەر ژن و پیاوێک لە شوێنێکی چۆڵ و تاریکا بوون و پەردە دادرابووەوە مارەیی واجب ئەبێ، ئەم ئیشەی ئێوەش لەوە ئەچێ، کەوا بوو پێویستە نیو مەجیدییەکەت بداتێ». وتی: کابرا ناچار نیو مەجیدییەکەی دا بە کورەکە و ئەمجا ڕووی کردە من وتی: «قوربان وەڵڵا تا ئێستە جگە لە جەنابت گەوادێکی ترم نەدیوە کە ئاوا بەمجۆرەیە بە ڕوایەتی ڕێک و پێک لە سەر مەزهەبی شافعی حوکم بدا».