یەکێک وتی دەمی ساڵ بوو دڵم چوو بوو لە...
وتی: «دەمێ ساڵ بوو دڵم چووبوو لە ئەحمەدی حاجی. ئەحمەد، مەگەر هەر من بزانم چ کوڕێکی شۆخوشەنگ بوو. لە شانزە ساڵانیدا ئەتوت مانگی چواردەیە. ڕەشی چاو و برۆی، سووریی سەرگۆنا خڕەکەی، باریکیی لێو و لووتەکەی؛ ئەمانە هەموو لەگەڵ ئەو لەشولارەیدا کە ئەتوت بەفری یەکشەوەیە و خوێنی دڵی منی بەسەرا ڕژاوە؛ شۆڕشێکیان خستبووە دڵمەوە. نەشمئەوێرا بیدرکێنم، ئەموت نەوەک لێم زیز ببێ.
ڕۆژێکیان دەمەدەمی ئێوارە بوو، چوومە حەمامی حاجی عەلی لە سولەیمانی. کە چوومە ژوورەوە تەماشام کرد وا ئەحمەد بە ڕووتیوقووتی لەوێ خۆی ئەشوا؛ حەمامیش کەسی تری تێدا نییە. کە ئەحمەدم بەو جۆرە چاو پێکەوت حەپەسام و دەستم کرد بە بیرکردنەوە بۆ ئەوەی قسەیەک بدۆزمەوە و لەگەڵی بکەم، هەرچەندم کرد هیچم لە بیر نەما. کتوپڕ بەبێ ئەوەی ئاگام لە خۆم بێ وتم: «ئەرێ ئەحمەد گیان ئێستە نوێژەکانت ئەکەی؟» وتی: «بەڵێ.»
کە ئەم قسەیەم کرد و ئەو وەڵامەم گوێ لێ بوو، چەمۆڵەیەکم نا لە خۆم. هەستام بەبێ ئەوە خۆم بشۆم لە حەمامەکە هاتمە دەرەوە ئیتر نازانم ئەحمەد چی لێ هات؟ کە هاتمە دەرەوە بە خۆمم وت: «دەک قوڕم دا بە دەمتا بۆ خۆت و بۆ قسەت». لەو وەختەوە لە داخی ئەو قسەیە هەر جینگڵ ئەدەم.