لە زەمانی ئەمانوڵڵا خانی والیدا لە سنە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  656 بینین

لە زەمانی «ئەمانوڵڵاخانی والی»دا لە سنە پیاوێکی «ڕەمشتی» ئەچێتە لای، پێی ئەڵێ: «قوربان بەراوی ئاورێز لە ڕەمشتا هی منە و ئێستا میرزا حەمەعەلی خانی زاوتی ئێوە ئیمساڵ لێی داگیر کردووم، هاتووم ئەم شکاتەت لا ئەکەم». والیش ئەڵێ: لە کەیەوە ئەو زەویەت بە دەستەویە؟ ئەڵێ: قوربان هەشتا ساڵێک ئەبێ بە دەست ئێمەوەیە. ئەڵێ: باشە هەشتا ساڵە بە دەست ئێوەوەیە با ساڵێکیش بە دەست زاوتەکەی ئێمەوە بێت.

ئەڵێ: قوربان کە واتە ئەم ماڵ و سامانەی ئێوەش کە چەند ساڵە بە دەست ئێوەوەیە با ساڵێکیش هەموو بۆ میرزا حەمەعەلی بێ. والی ئەڵێ: ئەم کابرایە بکەنە دەرەوە و لێی دەن. کابرا ئەڵێ: «بە دەردێکەوە هاتم، بە دوو دەردەوە دەرچووم». والی ئەڵێ: بیگێڕنەوە. ئەمجا فەرمانی دا کە زەویەکەی پێبدەنەوە و کردیشی بە پیاوماقوڵی خۆی.