عێل لەو سەرە بوو لە دێ میشیاو کابرایە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  433 بینین

عێل لەو سەرە بوو. لە دێ «میشیاو» کابرایەکی ڕوغزایی لەوێ مابووەوە و جێگیر ببوو؛ دەستی دابووە فەلاحەت. لە بەر ئاواییەکەدا جێگای جووتی گای کردبوو بە گەنم. گەنم ببوو بە قەرسیل و کەروێشکەی ئەکرد. گا و گۆتاڵ و کەرگەلی ئاوایی پێی فێر ببوون. کابرا چاری نەئەکرد هەر چەندە دەری ئەکردن هەر ئەهاتنەوە، بە خاوەنەکانیانی وت کەس گوێی نەدایە.

ڕۆژێک سڵێمانی حەمە جان ئەچێ بۆ میشیاو بۆ سەروکاری و چاو پێ کەوتنی جووت و بەراوی ئەو ساڵەی. سڵێمان خانیش زەبر و زەنگێکی هەبوو لەو ناوەدا دیوەخانی بۆ ئەڕازێنرێتەوە و هەموو ئەهلی ئاوایی دەوری ئەدەن. لەو کاتەدا کابرا ئەکا بە دیوەخانا و دەست ئەکا بە شکات کردن لە ئەهلی ئاوایی کە هەموو گا و گۆلکیان ئەکەنە ناو دەغڵەکەی ئەمەوە.

بۆ زەبر و زەنگی سڵێمان خان ئەمە قسەیەکی زل ئەبێ، ناوچاو ئەدا بە یەکا و ئەیەوێ تووڕە ببێ لە ئەهلی ئاواییەکە. کوێخا هەست بەمە ئەکا و ئەڵێ: سڵێمان خان ئەم کابرایە درۆ ئەکا کەس گا و گۆلکی نەکردووەتە دەغڵیەوە. خۆی پیاوێکی خراپە ئەیەوێ بەم بیانووەوە لە ئاخرا مڵکانەکە بخوا. کابرا تووڕە بوو هەڵیدایە، وتی: هەی کاورا گۆرانەی بێفەڕە ئەوە تۆ ئێژی چی؟ دەسا سڵێمان خان! وە قەورەکەی مەتحەت هەر کەرێک لەم ئاواییەدا هەیە وەها خۆی هەڵئەشەنگێنێ و ئەچێتە ناو پەڵەگەنمەکەوە ئێژێ سڵێمان خانە و ئەچێتە ژێر دەوارەکەی حەمە جانەوە. خۆ بارگیرەکانیان هەر قسەیان وە تەکا ناکرێ ئێستەش کاورای کوێخا ئێژێ درۆ ئەکا. دەسا درۆزن بووی وە ژێر کوچک و قسنەکەی شێخی مەولاناوە ڕۆحم وە قوروانی وێ! ئیتر سڵێمان خان هیچی پێ نەوترا.