هەر ئەم مەلا مارفە ئەگێڕێتەوە وتی جارێک...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  376 بینین

هەر ئەم مەلا مارفە ئەگێڕێتەوە وتی: جارێک لەو گەرمیانە لە دێیەک مەلای ڕەمەزان و لە ماڵی حاجی محەمەدا بووم. ئەم حاجی محەمەدە جووتیارێکی هەبوو. ئەسپێک و ئێسترێکی دابوو لەیەک جووتی پێ ئەکردن. کابرای جووتیاریش ناوی مەحموو بوو. ڕۆژێک جووتەکەی لە نزیک دێکەوە بوو. لای ئێوارە ڕەمەزان بوو. هەروا وردە لەبەر بێتاقەتی دەرچووم بۆ لای مەحموو. مەحموو لەو لاوە جووتی بەرەڵا کرد و ئێستری دایە پێش خۆی و بەرەو ماڵ گەڕایەوە. سەیرم کرد ئەسپەکە هەموو لەشی بووە بە زام. منیش گەڕامەوە تا گەیشتینە ماڵەوە. وتم: مەحموو ئیمڕۆ زوو جووتت بەردا؟ وتی: مەلا واز بێنە دار و گووت لێ بوارێ وە دەس ئەسپەڕەش و حاجی محەمەدەوە گیرم خواردگە. وەڵڵا ئیمامی ڕەوانی و شێخ غەفووری سۆڵتەتێنە جووت ئەکەن ئەسپەڕەش وێ ئیمڕۆ جووتی نەکردگە و نایکا. خوا تێڵات لێ نەوارێ، ناوی خوای تیا نەوێ، من لە کوێ و ئەسپەڕەش و حاجی محەمەد لە کوێ؟