مەلا مارفێکی تایشەیی هەبوو گێڕایەوە وتی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  451 بینین

مەلا مارفێکی تایشەیی هەبوو گێڕایەوە وتی: ساڵێک لەگەڵ شێخ مستەفای پێنج ئەنگوسا چووین بۆ ئەو گەرمیانە بۆ دەروێش گرتن. کاتی ئێوارە بوو ڕوومان کردە خێڵێکی «باشکی» کە تیرەیەکە لە جاف. ڕوومان کردە دەوارێک و هاتن بە پیرمانەوە گیسکێکیان کوشتەوە و مەنجەڵ و حەوجۆش خرایە سەر ئاگر. پاش بەینێک ژنی خاوەن ماڵەکە جامێکی هەڵگرت و چوو بۆ مانگا دۆشین لەو لای دەوارەکەوە و لێ نەئەبووەوە. مێردەکەشی ساتێ بانگی ئەکرد: کەنی خێراکە شێخ و دەروێشەکان برسیانە، ژنەش هەر لێ نەبووەوە ئەمیش هەر ئەیوت: کەنی ئازاکە، کچەکە ئازاکە. لە ئاخرا ئەوەندە هاواری کرد و هیچ کەڵکی نەبوو بانگی کرد: کچەکە خێراکە، وە کەلام خوا دەویت باوک بێم بۆت بە مێ کوت ئەوەندەت ئەکوتم بە کەرە ڕەش بێژی شێخ مستەفا هاوار فریام کەوە. ئەگەر لەژێر مانگادا نەبی لەژێر شێخ قادری شێخ کەریمی کەسنەزانا بی، ئەتکەم وە داس، خۆ شێخ وەکوو گەماڵە بازگ ئەوەندە کلکی بادا وە دەور چاو چێشتا لە برسانا ئەوا تۆپی. دەبێ وەڕێوە دەویت باوک!