مەلا ئەوڕەحمانی سەقزی هەبوو گێڕایەوە وتی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  439 بینین

مەلا ئەوڕەحمانی سەقزی هەبوو گێڕایەوە وتی: ئەوا لە کربچنە لە ژووری فەقێکانا دانیشتبووین چا ئەخۆینەوە، ئەوەندەمان زانی سوارێک لە دوورەوە بە پڕتاو هات. هەر گەیشتە بەر حوجرەکە دابەزی و ڕووی کردە حوجرە و وتی: مەلاینە وە قوروانتان وم با یەکێکتان یاسینێکی بخوێنی با بەبێ یاسین و تەڵقین ئەوی وەژێر خاکەوە. فەقێکانیش بە منیان وت: مەلا ئەوڕەحمان خێرت ئەگا لەگەڵی بچۆ یاسینێکی بخوێنە. وتی منیش هەستام و کابرا خستمیە پاشکۆی خۆی و ئاوزەنگی تەقین ڕووەو هۆبە بەرەو دوا بووەوە.

گەیشتینە خێڵەکە و ڕوومان کردە دەوارێک، سەیرم کرد چەند زەلامێک دانیشتوون هەموو چا ئەخۆنەوە هیچ نەخۆش شتە دیار نییە، هیچ بۆنی ئەوەش نایە کە نەخۆش لەژێر ئەم شماڵەدا هەبێت؛ پرسیم: کوا نەخۆشەکە؟ سەیرم کرد یەکێک لە ناو خەڵکەکەدا ئیستکانێ چای بە دەستەوەیە، دانیشتووە ئەیخواتەوە و زۆریش بە دەم و پلە وتی: برا مەلا! منم نەخۆش، ئا سەور کە با چایەکەم بخۆمەوە ئەو جا بۆت پاڵ ئەکەوم یاسینەکەم بخوێنە! وتی زۆر سەرم لەمە سڕۆما، چونکە کابرا هیچ لە نەخۆش نەئەچوو. ئەوەندەم زانی چایەکی خواردەوە تەقەیەکی لە پیاڵەکەوە هێنا، وەکوو ئاسک ڕاست بووەوە و چوو لەولاوە ڕاکشا و وتی: دەی مەلا بێ یاسینەکەت بخوێنە وە سەرمەوە. یا ئەمەسە ئەمرم و ئەتڕێم وە گونتا یا ئەمەسە زڵیا و پێڵاوێکی تر ئەکەین لەم دەشتی گەرمیانەدا پێش ئەوە بچین بۆ کوێستان!