پیاوێک هەبوو لە عێلی ڕژدەیی لەو جافە ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  420 بینین

پیاوێک هەبوو لە عێلی «ڕژدەیی» لەو جافە، حەمەی خاتوونی ناو بوو، ڕێی ئەکەوێتە تەنگی سەری قەرەداغ و ئەچێتە مزگەوتەکە. مەلا یوسفی تەنگیسەری سەیری «تەفسیری خازن»ی ئەکرد و کتێبەکەی لە بەردەمیا پان کردبووەوە حەمەش پێی ئەڵێ: مەلا ئەوە چی ئەکەی؟ ئەڵێ: سەیری تەفسیر و مەعنای قورئان ئەکەم. ئەویش وتی: ئەی بم وە قوروانت ئەو عالەمە گشتی گیری خواردگە وە دەس ئیش و کاری دوای مێگەلەوە و تۆش هەر گێڕگێڕی ئەکەی وە سەر قورحان و شەرحەوە ئێژی منیش شتێکم و وەمە بۆ خۆت بردگەسە سەر! دە بێژم چی وە دەس دنیاوە؟ هەی بەردی تۆی لێ نەوارێ!