کابرایەکی هەژار هەبوو لە دێ گەڵاڵە لەو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  453 بینین

کابرایەکی هەژار هەبوو لە دێ «گەڵاڵە» لەو ئاڵان و سێوەیلە «سۆفی هەسەن»ی ناو بوو؛ پیاوێکی زۆر بەدینی لە خواترس بوو. لەو زستانە ساردەدا هەموو ڕۆژێ پێش مەلا بانگدان ئەچوو دەستنوێژی ئەشۆرد و ئەچووە ژووری مزگەوتەکە لە خوا ئەپاڕایەوە و ئەیوت: ئاخر خوایە مەگەر هەر مەحموو پاشای جاف و جەماغای کۆیە و حەمە قەدۆی مووسڵ بەندەی تۆن وا ئەوەندە ماڵ و مڵک پێداون؟ ئایا ئەمانە لە ئێمە پیاوتر و زرنگترن؟ ئەی ئێمە بەندەی تۆ نین وا نانی شێومان نایدەیتێ؟ ئاخر ئەبێ بزانم ئەوانەت لە چی دروست کردوون و ئێمە لە چی؟ نەعوزوبیللا! ئەگەر خوایی نازانی وەرە خوارەوە تا من بنیشمە شوێنەکەت پێت بسەلمێنم کە چۆن موو لە ماست جیا ئەکەمەوە! ئاخر چەند پووڵێکیش بە ئێمە بدە تا کاسبییەکی پێوە بکەین!

ئەم کابرایە هەموو شەوێ ئەمە ئیشی بوو. بەم هاتوچوو کردنەی و بەم پاڕانەوە و دەنگە دەنگەی حەیشی بە فەقێکان تاڵ کردبوو. چونکە ژووری فەقێکان لەسەر ڕێبازی ژووری مزگەوتەکە و هەر بە تەنیشت مزگەوتەکەوە بوو. هەر چەندیان ئەکرد بۆیان چار نەئەکرا، فەقێیەکی ئەو موکریانە هەبوو لەوێدا وتی: ئێستە من بۆیان چار ئەکەم شەوێک لە پێش ئەوەدا سۆفی هەسەن بێت فەقێکە چووە سەربانی مزگەوتەکە و دوو سێ فەقێی تری لەگەڵ خۆی برد و لەسەر کڵاوڕۆژنەکەوە ڕاوستاون. سۆفی هەسەن هات و وەکوو شەوان دەستی کرد بە پاڕانەوە. فەقێیکە لەسەر کڵاوڕۆژنەکەوە بە دەنگێکی باریکی نەجیمانە وتی: ئەی بەندەی ئێمە، تۆ چیت داوا کردووە لە ئێمە و نەماندایتێ؟

سەیری کرد کەس دیار نییە، سامێکی لێ نیشت و بێدەنگ بوو، قسەکە وترایەوە.

سۆفی هەسەن تۆزێ سامەکەی شکا و وتی: بینایی چاوان! ئێستە تێگەیشتم کە خوایەکی گەورەیت و چاوت لە هەموو کەسێکە. ئێستە هیچم ناوێ هەر ئەمەوێ بمگەیەنیتە حوزووری خۆت!

وەکوو لە پاشا خۆی گێڕایەوە ئەیویست کە چووە حوزوور، ڕیشی بگرێت و تۆڵەی هەژاری خۆی لێ بکاتەوە!

فەقێکە سەری گوریسێکی لە کڵاوڕۆژنەکەوە بۆ خستە خوارەوە وتی: ئەی بەندەی ئێمە سەری ئەم گوریسە ببەستە بە ناو قەدتەوە تا هەڵت کێشین بۆ لای خۆمان و بۆ عەرش. ئەو وەختە لە هیچ نیازێک بێ نیازت ناکەین.

سۆفی هەسەن وتی: ئەی بەقوربانت بم وا کەس ناهۆمێد ناکەی و سەری گوریسەکەی بەست بە ناوقەدی خۆیەوە. فەقێ لەسەربانەوە وتی: توند بەستت بە خۆتەوە؟ سۆفی هەسەن وتی: بەستم بینایی چاوان ئیشی خۆت بکە!

فەقێ بە یارمەتی فەقێکانی تر گوریسیان هەڵکێشا. کە چوار پێنج گەزێک بەرزیان کردەوە گوریسەکەیان بەرەڵا کرد و سۆفی هەسەن ترپ کەوتە سەر زەوی و لە حەیبەتانا تڕێکی زلی کەند! فەقێ وتی: ئەی بەندەی بێ ئەدەب! ئەوە لە حوزووری ئێمەدا تڕ ئەکەنی؟ سۆفی هەسەن کە بە ژان و پێچەوە ئەتلایەوە بە ناڵە و نووزەیەکەوە وتی: بینایی چاوان! جیکە جیک مەکە. ئەگەر تۆ لە شوێنی من بوویتایە، گووت ئەکرد بە خۆتا!

ئیتر ببڕای ببڕای جارێکی کە سۆفی هەسەن لەو وەختانەدا نەچووەوە بە مزگەوتا و فەقێکان ڕزگاریان بوو لە دەستی.