ساڵێک قۆچخان گەڕانێکی ئەورووپا ئەکا ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  675 بینین

ساڵێک «قۆچخان» گەڕانێکی ئەورووپا ئەکا، ڕێگای ئەکەوێتە «پاریس». زۆری برسی ئەبێ کۆشکێکی زۆر نایابی بەرچاو ئەکەوێ کە لۆقەنتە ئەبی، ئەچێتە ئەوێ. شاگردی لۆقەنتە لیستەی خواردنی بۆ دێنێ، لیستەکە بە فەرەنسی نووسراوە. هەر چەند سەیری لیستەکە ئەکا هیچی لە خوێندنەوەی فەرەنسی نازانێ ئەمیش ئەو سەردەمە هیچی لێ نازانێ. پێشی شەرم ئەبێ کە بڵێ نازانێ بیخوێنێتەوە، پێشی شەرم ئەبێ هەر نازانێ شاگردەکە تێ بگەیەنێ کە نازانێ بیخوێنێتەوە. خۆ بەخت بە فیزێکەوە پەنجەیەک ئەخاتە سەر نووسراوێکی لیستەکە. شاگرد ئەچێت و لە پاش تۆزێک کاسەیە «جڵقاو» لە بەردەمی قۆچخانێک - کە خواردنی سەو ڕۆژی مریشک و شیر و شەکر بووە و ئێستە وا تووشی بووە بە تووشی جڵقاوەوە - دایئەنێ. بە ناچاری ئەیخوا بەڵام لەگەڵ هەموو پاروویەکدا لەوانەیە جەرگ و هەناوی دەربێ! زۆری پێ ناچێ کچ و کوڕێکی شیکی پاریسی دێن لە بەرانبەریەوە لەسەر مێزێک دائەنیشن. لیستەیان ئەخرێتە بەر دەست لە پاش تۆزێک مێزەکەیان بە گۆشتی مریشکی سوورکراوە و هێلکەی لە ناو ڕۆن کراو و شەرابی پاریسی بۆ ئەڕازێنێتەوە، قۆچخان بە پڕ لە دەردەوە سەیری ئەو ناز و نیعمەتە ئەکا. میسۆ و مسز بە هەموو لەزەتێکەوە نان تەواو ئەکەن و ئەمجا ئەڵێن: گارسۆ..! گارسۆ! ڕپتە.

وەکوو خۆت ئەیزانی «ڕپتە» لە فەرەنسیدا یەعنی دووبارەی کەرەوە. شاگرد چوو لە پاش تۆزێک دەستەیەکی تر لە خواردنەکانی ئەوەڵی هێنایەوە. قۆچان ئەمەی زۆر پێخۆش بوو وتی ئەوا زانیم کە ناوی ئەو خواردنە خۆشەی ئەوان خواردیان «ڕپتە» یە. ئەمجا بە دەست شاگردەکەی بانگ کرد و پێی وت: ڕپتە. شاگرد ڕۆیشت لە پاش تۆزێک کاسەیەکی تر جڵقاوی هێنا لە بەردەمیا داینا.

قۆچان، یەکەم زۆری برسی بوو دووەم ئاوی جڵقاو تەبیعەتی تێک دابوو. سێیەم کە ئەمەشی چاو پێ کەوت ئیتر هیچ شعووری لانەما و تووڕە بوو. هەستا شاگردەکەی دایە بەر زلە و دەستی گرت بردیە سەر مێزی کچ و کوڕەکە و بە جنێودان بە کوردی پێی وت: باوە حیزی قنگدەری تێ نەگەیشتوو. ئا لەمانە ڕپتە! و بە دەست دەستی بۆ خواردەمەنی سەر مێزەکە درێژ کرد.