کابرایەکی لەو ئاڵانە ماینێکی هەبوو ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  438 بینین

کابرایەکی لەو ئاڵانە ماینێکی هەبوو بیستبووی لە دێی «گرگاشی» ئەسپێکی چاک هەیە، ماینەکەی برد لە ئەسپەکەی چاک بکا. خاوەن ئەسپیش هەموو جار ئەسپەکەی بە پێنج مەجیدی ئەپەڕاند. کابرای خاوەن ماین پێنج مەجیدی دایە و ماینەکەی کێشایە ژێر ئەسپەکە بەڵام وا ڕێ کەوت ئەسپ لە باتی ئەوە بیکا بە «زێ»ی ماینەکەدا، سەری کرد و کردی بە دوایا!

کابرا بە ناهومێدی گەڕایەوە بۆ ماڵەوە. دراوسێیەکی هەبوو لێی پرسی: خاڵە ئەوە دیار نەبووی دوو ڕۆژە لە کوێیت؟ ئەویش وتی: هیچ! دوو ڕۆژە چووبووم بۆ ئەو دێیە پێنج مەجیدی خۆم قەرزار بووم لەگەڵ قنگێکی ماینەکەما هەردووکیمان دایەوە و هاتینەوە!