لە دەوری قاجاڕەکانا لە ئێرانا هەر ساڵە ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 4 خولەک  569 بینین

لە دەوری قاجاڕەکانا لە ئێرانا هەر ساڵە لە کاتی موحەڕڕەمدا لە هەموو شارەکانا بێجگە لە ڕۆژئاوای، حوکومەت بە جۆرێکی ڕەسمی ماتەمی حسێنی ئەگرت، بە تایبەتی هەر ساڵە لە شارێک زیاتر کۆششی لەگەڵ ئەکرا. ئەمەش بەو جۆرە کە وەلیعەهد و گەلێ لە وەزیر و کاربەدەستە گەورەکانی حکومەت ئەو ساڵە ئەچوونە ئەو شارە و ئەمانیەش کە لە تارانەوە ئەچوون پیاوانی تایبەتییان لەگەڵ خۆیان ئەبرد. بۆ گێڕانی دەوری «شمر، یەزید، زیاد، حسێن...» و هتد. لە ڕۆژی دەی موحەڕڕەمدا کە پێیان ئەوت ڕۆژی «قەتڵ».

ساڵێک ئەم دەورەیە بەر کرماشان کەوت. موزەفەرەدین شا و هەموو سەردانی حوکومەت لە تارانەوە بەڕێ کەوتن بۆ کرماشان و پیاوانی دەوری قەتڵەکەیان لەگەڵ خۆیان هێنا. یەکێک لەم پیاوانە کابرایەک بوو کە لە ڕوژی قەتڵا دەوری شمری ئەگێڕا. دیارە ئەمانە هەموو فێر ببوون و دەرزیان دائەدرا کە چۆن ئەو دەورانە بگێڕن. کابرای شمر کە گەیشتنە نزیکی کرماشان نەخۆش کەوت؛ هەر چەند دەرمانی ڕەوانی و شتیان دایە کەڵکی نەبوو، ئاخری مرد. ئەمانەش نەئەکرا بە بێ شمر بڕۆن و تازە دەستیشیان ناگاتەوە بە تاران بۆ ئەوە یەکێکیتر لەو فێرکراوانە بێنن. لەم ڕووەوە پەکیان کەوت و کەوتنە تەقەلادان.

ڕۆژێک لە ڕێگادا کابرایەکی شوانی کەڕەک لەبەری سمێڵ بابڕی چوار شانەی کەڵەگەتی گەڕووسیان بەرچاو کەوت. بڕیاریان دا کە ئەمە لەگەڵ خۆیان بەرن و دەوری شمری لە ماتەمینەکەدا پێ بگێڕن. موزەفەرەدین شا ناردی هێنایان و کارەساتەکەیان وت. کابرا وتی: من کابرایەکی شوان چووزانم ئەم ئیشە بکەم و سەرم چۆن لێ دەر ئەچێ؟ ئەوانیش بە تەواوی دڵیان پیا چوو بوو. وتیان: تۆ هیچ کارت نەبێ، جلوبەرگی تایبەتی شمرت لەبەر ئەکەین، لە شوێنێک دائەنیشیت. پیاوێک لە پشت سەرتەوە ئەبێ ئەو دەرزت دائەدا، ئەو چی وت تۆیش ئەوە بڵێ. بەم جۆرە کابرایان ساز کرد و ڕۆیشتن.

کە چوونە کرماشان و ڕۆژی قەتڵ هات، وەلیعەهد موزەفەرەدین شا و وەزیرەکان و هەموو پیاو ماقووڵ و گەورە و بچوکێکی کرماشان لە سەرای حوکومەتیدا کۆبوونەوە و دانیشتن. کابری گەڕووسی بەرگی شمریان لە بەر کرد و لە سەر کورسییەک دایاننا و پیاوێکی لە پشتەوە دانیشت بۆ ئامۆژگاری کردنی. شوێنی کابرا وا ڕێک خرابوو کە ڕاست ڕووی لە موزەفەرەدین شا بێ. پیاوێکی تریش کە دەوری «حسێن»ی ئەگێڕایەوە لە بەرانبەر ئەمەوە دانرا بوو کە پشتی لە موزەفەرەدین شا بوو.

دەور هاتە سەر حسێن و دەستی کرد بە قسەکردن، ئەوەندەی قسە کرد کابرای شمری گەڕووسی دەستی کرد بە وەندەوزدان! لەگەڵ ئەوەشا حسێن لەگەڵ ئەم قسە ئەکا، کابرای ئامۆژگاری کەر لە پشتەوە تێی سرەواند وتی: چورت نەیە نۆرەی تووە. کابرای گەڕووسی شمر وا تێگەیشت کە ئەمە یەکێکە لەو قسانە کە ئەبێ بیڵێت ڕووی کردە موزەفەرەدین شا و بە دەنگێکی نێر وتی: چورتنەیە، چروت نەیە نۆرەی تووە! شا و دانیشتووان هەموو ڕاچەنین و سەریان سوڕما کە ئەمە چی بوو!

کابرای ئامۆژگاری کەر سەیری کرد وا حەیای ئەو و ئابڕووی هەموویان چوو، دووبارە سوخرەمەیەکی تری سرەواندەوە و وتی: جاکەش پیدەر، ڕیدی وە تازیەکە ڕا واکەی؟ شمر وا تێگەیشت ئەمەش هەر لە باقی قسەکەیە ڕووی کردەوە موزەفەرەدین شا و بە دەنگێکی نێرتر وتی: جاکەش پیدەر، ڕیدی وە تازیەکە ڕا واکەی؟ بەمجۆرە لە شاری کرماشانا قەتڵی ئەو ساڵە تەواو بوو!