لە سنە پیاوێک هەبوو مەلاکان پێی فێر ببوو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  542 بینین

لە سنە پیاوێک هەبوو مەلاکان پێی فێر ببوون بە ناوی خێر و خێراتەوە هەر ڕۆژەی شتێکیان پێ ئەکرد. هەر چەند خەڵک پێیان ئەوت بۆ چ وا ئەکەی؟ ئەیوت: ئەمانە هەموو بۆ خوایە. کە زۆریان بە گوێچکەیا ئەخوێند تۆزێ سست ئەبووەوە.

کوتوپڕ دوو مەلای لێ پەیدا ئەبوو دیسان تیژیان ئەکردەوە. ئەمە حاڵی بوو تا ما، ئینجا مرد خەڵکێکی زۆر و مەلایەکی زۆری لێ کۆبووەوە بردیان بۆ سەر قەبران. مەلاکان هەموو کەوتبوونە پێش تەرمەکەی و هەموو بە ماتەمییەوە ڕێگایان ئەکرد. بەڵام هێشتا ئیسقاتەکە مابوو بیکەن، کە لەسەر قەبران بگەڕانایەوە ئیسقاتە کەشیان بۆ ئەکرد. لەو کاتەدا کە ئەچوون بۆ سەر قەبران دوو قۆڵچماخی سنەیی لە دوورەوە چاویان بەم دیمەنە و بەم مەلایانە ئەکەوێ. یەکێکیان دەستێک ئەژەنێ بەویکەیانەوە ئاگاداری ئەکاتەوە و پێی ئەڵێ: شا، شا، بە مردنی لە کۆڵی نابنەوە!