هەر مەلا مەحموو گێڕایەوە وتی چووم بۆ خز...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  555 بینین

هەر مەلا مەحموو گێڕایەوە وتی: چووم بۆ خزمەتی شێخ مەحموو ماینێکی ڕەشبۆری چاکم هەبوو سواری ببووم. ماینەکە جاش ئێسترێکی هەبوو، لەبەر جوانی و لەبەر چەتوونی لە ماڵا وتم گلی بدەنەوە و مەیەڵن بکەوێتە شوێن ماینەکە. من بەڕێ کەوتم ئەوانیش جاش ئێستریان گل دایەوە. بەڵام جاش ئیستر بەبێ دایکەکەی ئۆقرەی نەگرت لەسەر دیوارەکەوە بازی دابووە کۆڵان. ئەوەندەم زانی بە چوار ناڵە وەکوو با ئەهات تا گەیشت بە دایکەکەی. ئیتر تازە کەڵکی گێڕانەوەی بڕا.

وتی کە چووم شێخ دوو ڕۆژ گلی دامەوە. وتی ئەوەندە من ئیخلاس و بچووکی شێخم هەبوو ئەویش ئەوەندە لوتفی لەگەڵ من هەبوو. لەسەر سێ ڕۆژە یا عەرزم کرد قوربان ئیتر ئەچمەوە، ئەویش ئیزنی دام. سوار بووم، هات بە ڕێی کردم، عەرزم کرد: قوربان من ڕایەی ئەوەم نییە فەرمووی: خۆت شێت مەکە، تۆ کوڕی حاجی مەلا ڕەسووڵیت. حاجی مەلا ڕەسووڵ خەلیفەی کاکە حەمەد بووە.

وتی من وا بەسەر ماینەکەوەم و شێخیش ڕاوەستاوە. جاش ئیسترەکە بە دەوروبەری ماینەکەدا دێت و ئەچێ. شێخ دەستێکی دا لە کەفەڵی و فەرمووی: مەلا مەحموو ئەمە جاش ئیستری چاکە. عەرزم کرد: بەڵێ قوربان. دەستێکی تری هێنایەوە بە کەفەڵیا و فەرمووی: بە ڕاستی جاش ئیسترێکی زۆر چاکە. من هەر عەرزم کرد: بەڵێ قوربان ئینجا فەرمووی: مەلا مەحموو ئەمە لە خۆتە؟ منیش عەرزم کرد: قوربان شێخ زادەیە. دەستی کرد بە پێکەنین فەرمووی: بە خوا بێ حەیایت! ئینجا ئیتر فەرمووی: دە بڕۆ خوا حافیزت بێ.