مەلا مەحمووی حاجی مەلا ڕەسووڵ گێڕایەوە ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  507 بینین

مەلا مەحمووی حاجی مەلا ڕەسووڵ گێڕایەوە وتی:

حسەکەڕ هەبوو لە زەمانی سەید ئەحمەدی بابە ڕەسووڵا لە سلێمانی. ئەم حسەکەڕە چایچی و لە هەموو ڕوویەکەوە پیاوێکی پیاوانە و بەدیمەن و دەوڵەمەند بوو. ئەو سەردەمە شەڕە بەران باوی هەبوو، زیاتر شێخانی سلێمانی حەزیان لێ ئەکرد. حسەش بەرانی چاکی هەبوو.

سەید ئەحمەدی بابە ڕەسووڵ ئەنێرێ بە شوێن حسەکەڕدا کە بەرانەکەی بێنێ لە حەوشەکەی ئێمەدا بەرانێکی تریش لێرە هەیە شەڕە بەرانی پێ بکەن تا تۆزێ سەیریان بکەین. حسەش نەیئەتوانی لە قسەی سەید ئەحمەد دەرچێ. پاش عەسرێک بوو بەرانێکی نایابی هەبوو ملی گرت و چوو بۆ ماڵی سەید ئەحمەد.

سەید ئەحمەدی برای سەی نووری نەقیبیش دراوسێی ماڵی سەید ئەحمەدی بابە ڕەسووڵ بوو. دیوارێکیان بەین بوو. ئەم سەید ئەحمەدە هەموو جار شەڕە قۆچی ماڵی ئەو سەید ئەحمەدەی ئەبینی. بەینیشیان زۆر خۆش نەبوو. کە حسە بە خۆی و بەرانەکەیەوە ئەگاتە بەر ماڵی ئەحمەدی نەقیب، سەید ئەحمەد لەبەر دەروازەکەدا ئەبێ بەبێ قسە بەردێک هەڵ ئەگرێ و ئەیدا لەسەری حسەکەڕ، سەری ئەشکێنێ. حسە دەست ئەگرێ بە سەریەوە. سەید ئەحمەد ئەڵێ: بۆ چی ئەوە ژانی کرد؟ حسە ئەڵێ: قوربان چۆن نەیکرد؟ سەید ئەحمەد ئەڵێ: کە واتە ئەم بەرانەش ڕۆحی هەیە، چۆن شەڕە قۆچی پێ ئەکەن؟ ئاخر نازانی سەری ئەویش ئاوا ژان ئەکا؟ حسەکەڕیش ئەڵێ: کە واتە قوربان یان خوا ئێوە لە ئێمە بستێنێ یان ئێمە لە ئێوە بستێنێ. ئەو سەید ئەحمەدە بە زۆر ڕام ئەکێشێ ئەڵێ وەرە شەڕە قۆچ بکە، ئەم سەید ئەحمەدە ئەڵێ مەیکە. ئێمەش نازانین بە گوێی کام لاتان بکەین!