کوێخا یوسفی تاوەگۆزی لە پشتە لە لای شێ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  556 بینین

کوێخا یوسفی تاوەگۆزی لە «پشتە» لە لای شێخ نەجمەدینی بیارە ئەبێ. ئەم کوێخا یوسفە پیاوێکی پیاوانە و کوڕدار و دەست ڕۆیشتوو بوو، خۆی لە بەرەی مەلا ئەبووبەکری موسەنف (مصنف) ئەزانی.

مخە ناوێکیش هەبوو ڕووتەڵە و بێفەڕ بوو. ئەچێتە لای شێخ نەجمەدین پێی ئەڵێ: یا شێخ منیش تاوەگۆزیم و لەبەرەی مەلا ئەبوبەکری موسەنفم. تۆیش شایەتی ئەوەم بۆ بدە کە منیش وەکوو ئەوان سەیدم. کوێخا یوسف لەم قسەیە تووڕە ئەبێ و ئەڵێ: ئەرێ مخە پیس ئەوە تۆ ئێژی چی؟ سەید ئەوێ ناوچەوانی نوورانی وێ، ناوقەد باریک وێ، دەست و پەنجەی تۆی قەڵەمی وێ، تۆ لە کوێ، ئەوی وە سەید؟ سەروشکڵت ئێژی مەیموونە قنگت ئەوەندە فراوانە باوەشێ بەڵمی پیا ئەچێ، ئاخر تۆ کەی ئەوی وە سەید؟