عەبەی حەمە خەیات هەبوو لەگەڵ ڕەشەی ئەمین...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  640 بینین

عەبەی حەمە خەیات هەبوو لەگەڵ ڕەشەی ئەمین چاوش. بەمیان ئەوت ڕەشە خێڵ (ئۆباڵی سەرتاپای قسە بە ئەستۆی حاجی سەعیدی مەلا حەسەنی عەلاف.). ئەمجا بڵێن حاجی عەبە و حاجی ڕەشە. ئەچن بۆ حەج. دوو بە دوو ئەچن لە دەوری کەعبەوە دائەنیشن و دەست ئەدەنە ژێر چەناکەیان و ڕوو ئەکەنە کەعبە. حاجی عەبە ئەڵێ: خوایە ئەوا هاتووینەتە لات، خۆت و خۆم ئەیزانین کە من تا ئێستە چ خراپە و خراپەکاریم کردووە. ئەوەی ئێستە بە دەستمەوەیە پووڵێکی حەڵاڵی تێدا نییە، هەموویم داوە بە شانما بە خۆم و ئەو و ئەم ورگەمەوە هاتوومەتە لات. تۆیش کەیفی خۆتە ئەگەر پیاوەتیم لەگەڵ ئەکەی بیکە و ماڵت ئاوابێ! ئەگەر ناشیکەی جارێکی کە نایەمەوە. ناوێرم بیڵێم، بەڵام ماڵت کاول بێ بۆ شوێنێک گرتووتە. ئەوەش بزانە بە مەرقەدی کاکە ئەحمەد بڕوا بکە ئەگەر لێم خۆش ببی هیچ دەنگ ناکەم.

ئەمجا حاجی ڕەشەش کە لە تەنیشتیەوە دانیشتبوو ئەویش دەستی پێکرد، وتی: خوایە بڕوا بەمە مەکە زۆر داوبازە تۆ نایناسی من ئەیناسم، چییەکی وتووە درۆ ئەکا تەنها ئەوەی ڕاستە کە ئەڵێ پارەکەم حەرامە، ئەمە من شایەتی بۆ ئەیەم. بەڵام تۆ گوێت لە من بێ، من هەر خۆم ئەزانم چەندە بێ نامووسیم کردووە. هەر من خۆم ئەزانم ئەو پارەیە کە هێناومە بۆ ئەم حەجە بە چ دەست بڕینێک کۆم کردووەتەوە. نەکەی قبووڵی نەکەی! بە سەری پێغەمبەر قبووڵی نەکەی خۆم ئەزانم چی ئەکەم. دیسان وا پێت ئەڵێمەوە گوێت لە قسەی ئەم کابرایەی تەنیشتمەوە نەبێت، لەگەڵ ئەوەشا ئەگەر لەبەر من لێی خۆش ببیت قەیناکا، ئەمەش هەر بۆ ئەوە کە چووینەوە بۆ سلێمانی بە خەڵکەکە بڵێم خوا لەبەر من لێی خۆش بووە!