ئۆباڵی بە ئەستۆی ئەو کەسە بۆی گێڕامەوە ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  768 بینین

ئۆباڵی بە ئەستۆی ئەو کەسە بۆی گێڕامەوە:

ئەحەی جاو لە سلێمانی پیاوێکی قسە نەرمی هەژار بوو، تەبەقێ حەڵوای بە دەستەوە ئەگرت ئارەزووی بکردایە حەڵوایەکی ئەدا بە یەکێک بە مەجیدییەک، ئارەزوویشی بکردایە نەیئەدایە!

ئافرەتێکیش هەبوو هەر لە سلێمانی «پوورە سەمەن»ی ناوبوو. ڕۆژێک پوورە سەمەن سەری ڕێی بە ئەحەی جاو ئەگرێ پێی ئەڵێ: مامە ئەحە وەرە با گرەو بکەین. مامە ئەحە ئەڵێ: گرەوی چی و لەسەر چی؟ پوورە سەمەن ئەڵێ: لە سەر تەبەقە حەڵوا. ئەگەر من بردمەوە تەبەقە حەڵواکەت ئەبەم، ئەگەر تۆش بردتەوە بۆت پڕپڕ ئەکەم لە حەڵوا. ئەڵێ: باشە دەی.

پوورە سەمەن ئەڵێ: مامە ئەحە - بیلامانێ - قوز لەسەر ئەوی ترەوەیە یا لە ژێرەوەیە؟ ئەڵێ: بە خوا کەرە! بۆ چی نازانم لە سەرەوەیەتی! پوورە سەمەن پشتی بۆ هەڵئەکا و خۆی بۆ دائەنوێنێ ئەڵێ: ئەوە نییە لە ژێرەوەیەتی؟ مامە ئەحە سەیری ئەکا و ئەڵێ: وەڵڵا ڕاست ئەکەی! پوورە سەمەن تەبەقە حەڵواکەی لێ ئەستێنێ. مام ئەحمەد ئەچێ تەبەقێکی تر پەیدا ئەکاتەوە و دوو سێ حەڵوای ئەخاتە سەر و دەست ئەکاتەوە بە حەڵوا فرۆشتن. لە پاش چەند ڕۆژێکی تر پوورە سەمەن سەری ڕێی پێ ئەگرێتەوە ئەڵێ: مامە ئەحە با گرەو بکەینەوە. ئەڵێ: بەخوا ئەمجارە لێت ئەبەمەوە و حەقی خۆمت لێ ئەکەمەوە. ئەڵێ: ئاخر منیش مەبەستم ئەوەیە ئەو جارە دۆڕانت، ئەمجارە بەزەییم پیاتا یەتەوە بەڵکوو بیبەیتەوە. مامە ئەحە دڵی خۆش ئەبێ، ئەڵێ: باشە. ئەڵێ: مامە ئەحە قوز لەسەر ئەوی ترەوەیە یا لە ژێرەوەیە؟ ئەڵێ: بەخوا کەرە! لای وایە وەک ئەو جارەکەی ترە لێم بەرێتەوە. کەرە! لە ژێرەوەیە. پوورە سەمەن بەری بۆ هەڵ ئەماڵێ و ئەڵێ: ئەها سەیری بکە لە بەرەوەیە. مامە ئەحە سەیر ئەکا وایە. ئەو جارەش تەبەقە حەڵواکەی لێ ئەستێنێ.

پاش ماوەیەکی تر دیسان سەری ڕێی پێ ئەگرێتەوە، ئەڵێ: مامە ئەحە ئەمجارە بەبێ گومان ئەیبەیتەوە وەرە با گرەو بکەینەوە. مامە ئەحە تەماع ئەیگرێ و ئەڵێ باشە، ئەڵێ: مامە ئەحە قوز لەسەر قنگەوەیە یا لە ژێریەوەیە؟ مامە ئەحە ئەڵێ: بڕۆ دەڵەسەگ؟ قوزی تۆ وەکوو چەرخ و فەلەک وایە، دەمێ لە سەرەوەیە دەمێ لە ژێرەوەیە! من گرەوی وا ناکەم.