ساڵێک لە عێراقدا مافەتەیەک داکەوتبوو ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  526 بینین

ساڵێک لە عێراقدا مافەتەیەک داکەوتبوو عالەم هەموو تووشی چەپڵەلێدان ببوو. لە ڕاستیدا چەپڵە لە هەموو شت زیاتر باوی هەبوو. بە تایبەتی لە وڵاتی کوردەواری عێراق کە خەڵکەکە کۆ ئەبنەوە و بە ناو کۆڵانەکانا ئەڕۆیشتن، یەکێک سەر مەلا بوو. بە دەم چەپڵەوە ئەیوت: با. عالەمەکەی تریش بۆیان ئەسەندەوە و ئەیانوت: بژی. ئیتر چی بژی ئەوە خۆیان کێیان مەبەست بووایە ئەوە بوو. لە وڵاتی سلێمانی مامۆستایەکی مەکتەب هەبوو تووشی ئەو دەردە ببوو.

ئەچوو بە قسەی خۆی «گەل» دا کیفاحی ئەکرد! هەموو کار و کاسبی، دەرس وتنەوەی ببوو بەم خووە. ماڵ و منداڵیشی هەبوو بەجێی ئەهێشتن و ئەچوو بۆ کیفاح.

جارێک دە ڕۆژ لە ماڵەوە ون ئەبێ و ئەچێ بۆ کیفاح، پاش دە ڕۆژ چەند کەسێک لە هاوڕێکانی هەڵئەگرێ و ئەڵێ: با بچین لە ماڵی ئێمە قاوەڵتی بکەین. هەر کە دێنەوە لە دوورەوە بە ژنەکەی ئەڵێ: ئافرەت چیمان هەیە؟ ئەویش ئەڵێ: نانی چەپڵە بە چێشتی با بژیەوە!