شێخ مەحەمەدی جەلال گێڕایەوە وتی مەلا ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  533 بینین

شێخ مەحەمەدی جەلال گێڕایەوە وتی: مەلا محەمەدی چرجە قەڵا وتی: ساڵێک چوومە ئەو گەرمیانە بۆ مەلایەتی ڕەمەزان. چوومە گوندی «درۆزنە»، لەوێ ئەو ڕەمەزانە بووم بە مەلای ئەوان و لە ماڵی «شێخ عیسا»ی درۆزنەدا بووم. لە دیوەخانەکەی ئەوا نوێژ و تەراوێحمان ئەکرد و پاشان لەگەڵ خەڵکی ئاواییدا دائەنیشتین وەعزێکیشم بۆ ئەدان و ئەکەوتینە قسەکردن. سەماوەریش لەو لاوە دەنگی ئەهات، شەوچەرەش چی بووایە ئەیانهێنا. پاشان ژوورێکیان بۆ من دانابوو. کە بڵاوە ئەکرا من ئەچووم لەو ژوورە ئەنووستم. شەوێک لۆتییەک بە مەیموونێکەوە هاتە درۆزنە و ئەویش هەر هاتە ماڵی شێخ عیسا، خزمەتێکی باشیان کرد و پاشان ئەویش بۆ نووستن هێنایانە ژوورەکەی لای من. هەروا دانیشتبووین قسەمان ئەکرد دوو بە دوو، هێشتا خەومان لێ نەکەوتبوو وتی: مامۆستا ناشوکری نەبێ مەسڵەحەتەکەی ئێمەش وەکوو ئەوی ئێوە باوی نەماوە. جاران من کە ئەهاتمە ئێرە چ ئیحترام و قەدرێکیان ئەگرتم، ئەوەتە ئێستە خستوومیانەتە پاڵ جەنابت و لەگەڵ تۆ دا ئەمخەوێنن!