شێخەلی پەڕۆ هەبوو لە سلێمانی مزگەوتێکی ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  682 بینین

شێخەلی پەڕۆ هەبوو لە سلێمانی، مزگەوتێکی هەبوو، لەگەڵ سەی عەلی بسمیللادا بۆرە خزمایەتییەکیان هەبوو، دڵی چەکەرەی لێ نەئەکرد کە بە لای خەڵکەوە بڵێت شێخەلی مەلا نییە؛ لە ڕاستیدا شێخەلیش وا بوو.

جارێک بە سەی عەلی ئەڵێ هەموو ڕۆژێ پاش عەسران وەرە لە حوجرەکەی منا ئەچینەوە بە تەشرییفی مەلا عەلیدا. مەبەستی شێخەلی ئەوە بوو لای سەی عەلی بیخوێنێت و پاشان فەقێیەکی هەبوو فەقێ عەلی ناو بوو، بەوی بڵێتەوە. بەڵام دەماری نەئەهات بە سەی عەلی بڵێ لە لات ئەخوێنم؛ ئەهات ئەمم بۆ ئەدۆزییەوە. سەی عەلیش ئەمەی ئەزانی ئەوەندە هەبوو لەبەر بۆرە خزمایەتییەکە دەنگی نەئەکرد. بەڵێ هەموو ڕۆژ سەی عەلی ئەچوو لەگەڵ شێخەلیدا ئەچوونەوە بە تەشریفی مەلا عەلیدا. شێخەلیش لەبەر ئەوە کە وا لە سەی عەلی بگەیەنێ ئەمیش لێی ئەزانێ پرسیار و شتی لێ ئەکرد، بەڵام پرسیارەکانی هیچ نەبوون. شێخەلیش دیانەکانی هەموو کەوتبوون هیچی لە دەما نەمابوو، ڕۆژێ سەی عەلی ئیتر لە وزەیا نەما وتی: بڕۆ مردووت مرێ! دەمت ئەڵێی کونە مشکە، تۆ عەلی، [من عەلی] خاوەنی کتێب عەلی، ئەوی پێی ئەڵێت هەر عەلی، دایکێ ئەم هەموو عەلییە بگێم! دە بڕۆ ناوی خۆتت ناوە مەلا و منیش هیچ!