عەزیز خانی سەردار لە بۆکان ڕۆژێک حەمام ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  770 بینین

عەزیز خانی سەردار لە بۆکان ڕۆژێک حەمام قۆرخ ئەکەن، زیباخانی کچی ئەچێ بۆ حەمام. ئەنگوسیلەیەکی ئەڵماسی ئەبێ ئەیدا بە کارەکەرێکی کە لەگەڵیا ئەبێ بۆی هەڵگرێ. کارەکەریش ئەنگوسیلە ئەنێتە درزی حەمامە ساردەکە و تۆزێ مووی ئەدا بە سەرا بۆ ئەوە لێی تێک نەچێ. پاشان زیباخان لە حەمام دێتە دەرەوە و داوای ئەنگوسیلەکە ئەکاتەوە لە کارەکەرەکە کارەکەرەکە لە بیری ئەچێ کە لە کوێ دایناوە، ئەمە لێرە بوەستێ.

هۆمەری ملەکەوە هەبوو لە بۆکان پیاوێکی تۆزێ دەوڵەمەند بوو دراوسێماڵی مامۆستا بوو. خەڵکی هاتوچۆی ماڵی مامۆستایان ئەکرد و شتیان بۆ ئەهێنان؛ باش ڕایئەبوارد. ماڵی مامۆستا کە خەرجیان ئەکرد ئەهاتەوە سەری، بەڵام هی ئەمان هیچی نەئەهاتە سەر. ئەوەی کە هەیانبوو دوایی هات. ژنەکەی پێی لێ کرد بە کەوشیا و وتی: ئەبێ بچی شت پەیدا بکەی. پیاوەش وتی: ئاخر ئافرەت لە کوێ بێنم؟ وتی: وەکوو چۆن مامۆستا نووشتە ئەنووسێ و کتێب ئەگرێتەوە شتی بۆ دێنن تۆش وابکە. وتی: ئاخر من هیچ نازانم. ژنە وتی کەیفی خۆتە، من شتم ئەوێ. هۆمەر بە ناچاری چوو نەختێ کاغەزە شڕی لە ناو کۆڵان کۆ کردەوە پێکیەوە دووری و ناوی نا کتێب. چوو بوو لە نزیکی حەمامەکەی بۆکانا دانیشتبوو ئەیوت کتێب ئەگرمەوە.

لەو لاوە زیباخان تەنگی بە کارەکەرەکەی هەڵچنی بوو بۆ ئەنگوستیلەکە، کارەکەرەکەش لەبیری نییە ئەنگوستیلە چی لێ هاتووە، لەبەر پەلە پەلی و شڵەژاوی هەر کراسەکەی ئەکاتە بەری و دەرپێکەی لەبیر ئەچێ، دەست ئەکا بە گەڕان. دێتە دەرەوە لە حەمامەکە سەیر ئەکا پیاوێک کتێبێکی لەبەردەمایە کتێب ئەگرێتەوە. ئەچێتە لای بە قنچکانەوە لەبەر دەمیا دائەنیشێ پێی ئەڵێ: کتێبێکم بۆ بگرەوە بزانم ئەنگوسیلەکەی خانم کێ دزیویەتی؟ کابراش خۆ هیچ نازانێ، سەرباری ئەوە، لەبەر ئەوەی کە کارەکەرەکە دەرپێی لە پێیا نابێ کابرا لە ژێرەوە چاوی بە وانێکەکەی ئەکەوێ، ئەڵێ: بەخوا دایکم لە کتێبەکەدا چاوم لە هیچ نییە تەنها کونێک نەبێ سەرەکەی پڕیەتی لە موو!

کارەکەرەکە ئەقیژێنێ و ئەکەوێتە بیری ئەڵێ: ئای بەقوربانت بم خۆیەتی دیمەوە. هەڵئەستێ ئەچێ ئەنگوسیلەکە لە کوونەکە دەردێنێتەوە و ئەیداتەوە بە زیبا خانم. کە دێنە دەرەوە لیرەیەکی حەقی کتێبەکەش بۆ هۆمەری ملەکەوە. ئیتر هۆمەر ناوبانگ دەرئەکا و لەو ڕۆژە بە دواوە پارەیەکی زۆر ئەڕژێ بەسەریا و ماڵی ئەوان گەلێ خۆشتر ڕایئەبوێرن. جا ژنەکەی پێی ئەوت: ئا پیاوەکە ناڵێم تەمەڵی مەکە؟ چاوت لێیە بە دوو ڕۆژ چۆن بووین بە مەلا؟ هۆمەریش خۆی ئەیزانی کوێی ژان ئەکا!