کابرایەکی کەلهوڕ لە مڵی دنیا خوا ڕیشێکی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 5 خولەک  904 بینین

کابرایەکی کەلهوڕ لە مڵی دنیا، خوا ڕیشێکی پان و زمانێکی لووسی پێ دابوو. ڕێی ئەکەوێتە دێی «ئاڵتوون»ی لای سەقز. ئاڵتوونی، وا مەشهوورن هیچ بە کەس نادەن، وەکوو ئەڵێن پشیلەی کوێر نان لە ماڵیان دەرناکا.

ئەم دەروێشە کەلهوڕیانە شێوە قسەی هەموو لایەک ئەزانن. کاکی کەلهوڕی کە ئەچێتە ئاڵتوو ن سەیر ئەکا شاییە، هەرایە، زەماوندە و زەنایە. لەگەڵ ئەوەشا سەیر ئەکا وا چەند دەروێش و دەرۆزەکەرێکی تر لەوێن و دۆش داماون. چووە ناویان وتی: چییە بۆ وا ماتن؟ وتیان: چۆن مات نەبین؟ ڕێگایەکی دوورمان بڕیوە هاتووین بۆ ئێرە تەماشا ئەکەین ئەم ئاڵتوونیانە هیچیان نادەنێ. وتی: کە واتە چاوتان لە کاکی خۆتان بێ. کابرا دەمەو ئێوارە بوو چووە بەردەمی کۆڕەکە و خەڵکێکی زۆریش وەستابوون دەنگی بەرز کردەوە وتی:

ئاڵتوونیانی ئاڵتوونی
باڵا بەرزانی بێتوێنی
ئەناڵێنن بۆ شاییتان
بە ئاواتن بۆ دیتنتان

کە ئەمەی وت هەموو خەڵکەکە وەکوو پوورەی هەنگ لێی کۆبوونەوە وئاهەنگیان چۆڵ کرد و هاتن بە لای ئەمەوە. ئەمجا ڕووی تێکردن وتی: خەڵکینە کردەوەی چاک و ئیشی باش لە دنیادا جەزای هەیە، وەکوو ئەم خۆشییە کە ئێستە ئێوەی تیان، لە ڕۆژی قیامەتا گەلێ لەمە خۆشتر ئەبینن. ئەوانەی کە خراپەکارن وەکوو ئێمە بەدبەخت و ڕووڕەشی هەر دوو لان. یەکێک لەوبەدبەختانە کە ئەیانبینن منم، منی بەدبەخت نەو موسڵمانم لە ئەولادی ئەو جوولەکانەم کە لەبەر خراپی و نالەباری و خوانەناسی خواکردنی بە مەیموون. خراپی ئەوان کاری کردووە لە وەچە وەچەیان. منی بەدبەخت لەگەڵ ئەوەدا کە بە دینی پاکی ئیسلام سەرفراز بووم، هێشتا هەر ماڵوێرانی و بەدبەختیم بەرکەوتووە. دینی پاکی ئیسلام هێشتا بە تەواوی مشت و ماڵی نەداوم. نالەباری ڕۆژگار و خراپی چەرخی چەپگەرد وای لە من کرد، کە بکەومە دەشت و کێو بۆ ئەوە شتێک پەیدا کەم بۆ ماڵ و خێو. لەبەر ئەوە بۆ ئەوە لە کردەوەی باو و باپیرم ڕزگارم ببێ ناچارم بە دەربڕێنی ئەو بەدبەختییەی کە پێمەوەیە، بەڵکوو خوا بە واستەی دینی پاکی ئیسلام و ئیعتراف کردنی خۆم و ئەم شادییە موبارەکەی ئێوە پاکم بکاتەوە.

کە ئەمەی وت خەڵکەکە بە تەواوی ڕوویان تێکرد و زۆر سەرسامی ئەم قسە وگفتوگۆیە بوون. وتی: بەڵام خۆ تازە من بەدبەخت و ماڵوێران بووم؛ خوا دەمێکە پێی زانیوم، ئەوا نەبوونیی و پەرێشانیی ڕۆژگار ناچاری کردم بەوە کە ئێوەش پێم بزانن.

هەتا ئەم قسانەی ئەکرد خەڵکەکە زیاتر ئەکەوتنە سەر هەوەسی ئەوە کە گوێی لێ ڕابگرن و زیاتر لێی کۆببنەوە. وتیان: ئەوە چییە کە وا تۆی وا لێ کردووە؟ وتی: لە خوانەترسی و بەدکرداری جوولەکەکانی باو و باپیرم کە وەختی خۆی کردنی بە مەیموون، هێشتا لەو میراتە شتێکیش بۆ من ماوەتەوە! ئەو شتەش کلکە. ئێستە من کلکێکی درێژم پێوەیە هەر یەک لە پێشا شتێکم بدەنێ لە پاشا پیشانتان ئەدەم. ئەمەی وت و عەباکەی ڕاخست خەڵکەکە کە ئەمەیان گوێ لێبوو هەر بە تەواوی ئارەزوویان پەیدا کرد بۆ بینینی ئەم شتە سەیرە ڕوونەداوە کە تا ئێستە کەس نەیبیستووە و نەیدیوە ئادەمیزاد کلکی هەبێ. پارە و شتی تر وەکوو باران لە ئاڵتوونەکانەوە باری بە سەر عەبای دەروێشی کەلهوڕیدا و ئەم قسەیە شڵەژەیەکی دا بە ئاوایی. پاش ئەوە کە عەبا پارە و شتومەکێکی زۆری تێچوو، دەروێش سەیری کرد ئەگەر لەوە زیاتر بۆی بێنن بۆی هەڵناگیرێ. چوار چمکی عەبای هێنایەوە یەک و بەستی بە کۆڵیا و شەتەکی دا. لەو کاتەدا کە وا عەبای شەتەکە داوە بە کۆڵیا، کتوپڕ زۆر بە سەر سامییەوە وەستا و سەری پەنجەی خستە دەمیەوە و کەوتە بەحری خەیاڵەوە و ورتەی لە خۆی چنی. خەڵکەکە وتیان: ئەوە چی بوو؟ بۆچ ئیتر کلکەکەتمان پیشان نادەی؟

وتی: بیستبووم کە هەموو جار مامۆستا فەرموویەتی ڕزگاری لە ڕاستیدایە و ڕاستی وتن گوناح ئەشواتەوە ئێستە کە من ڕاستی ئەم ئیشە نهێنییەی خۆمم بە ئێوە وت و ئیعترافم کرد، سەیر ئەکەم ختوکەیەک بە لەشما هات و هەموو دەمارەکانم لە تەوقە سەرمەوە تا کۆڵەموستی پێم کەوتنە جووڵە؛ وەکوو چۆن شتێک لە شوێنێکەوە بنرێتە شوێنێکی تر، هەموو شتەکانی ئەو شوێنە ئاڵ و گۆڕەیان بەسەرا دێت. لەشی منیش وای لێ هات. لەم کاتەدا کە باش تێفکریم ئەبینم ئەوا کلکەکەم لە پاشەوە گوێزرایەوە بۆ پێشەوە. ئێستە ئەگەر ئارەزوو ئەکەن تا پیشانتان بدەم!

خەڵکەکە لەم بەسەرهاتە هەموو سەریان سوڕما و هەندێکیان کەوتنە بۆڵە و هندێکیان جنێو و هەندێکیان وتیان ئیشی خوایە، خوا قادرە بە سەر هەموو شتێکا. کابرا وردە وردە ملی ڕێی گرت و هاتەوە بۆ لای سواڵکەرەکانی تر و شەو داهات، پێی وتن: ئاوا شت پەیدا بکەن!