مامۆستا دەروێش عەبدوڵڵای جەباری هەبوو لە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  913 بینین

مامۆستا دەروێش عەبدوڵڵای جەباری هەبوو لە مەدرەسەی ئیسیکی کفری مودیر بوو. هاتوچۆ لە بەینی بەغدا و ئەوێدا بە شەمەندەفەر بوو. ڕۆژێک لە بەغدا ئەچێتەوە بۆ ئیسکی کفری، لە ناو شەمەندەفەرەکەدا لەگەڵ پیاوێک ئەبن بە ڕەفیق و ڕێگای شەمەندەفەر بە قسە ئەبڕن. زۆرتر لە قسەکانی دەروێش ئەوە ئەبێت کە قسە بە تاڵەبانی ئەڵێ و لەسەر ئەو شێوەیە ئەڕۆن تا ئەگەنە ئیستگەی کفری و لەوێ هەر دووکیان دائەبەزن. لەوێدا دەروێش لێی ئەپرسێ: برا من و تۆ یەکتریمان نەناسی؟ کابراش ئەڵێ: برا من لە عەشیرەتی تاڵەبانم. دەروێش واقی وڕئەمێنێ و هیچی بۆ نامێنێتەوە، ئەڵێ: هەی ناجنسی خواگرتوو! تۆ کە تاڵەبانیت بۆچ زوو دەنگت نەکرد تا من ئەم هەموو جنێوەم نەدایە؟ بەمە ئیشەکەی خۆی پینە ئەکا و هەردووکیان دەست ئەکەن بە پێکەنین.